دیجیتاڵ
مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ تۆڕی میدیایی، دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت کە پەیوەندیی واشنتن لەگەڵ کورد "وەک بەرد پتەوە"و کار لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران پارێزراو بن؛ هاوکات کۆبوونەوەی نێردەکانی ئەمریکاشی لەگەڵ لایەنی ئێرانی پشتڕاستکردەوە.
رۆژی چوارشەممە، لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی لە واشنتن، سەبارەت بە نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، مایک واڵتز گوتی: "پەیوەندیی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کورد مێژوویەکی دێرینی هەیە و بۆ چەندین دەیەی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. من وەک سەربازێکی پێشووی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا (کڵاوسەوزەکان) کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەگەڵ کورد بووم دەڵێم: پەیوەندیمان لەگەڵ کوردەکان وەک بەرد پتەوە."
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "نابێت هیچ کەسێک نیگەران بێت؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هەردوو لایەندا، چ کوردەکان و چ بەغدا، تاوەکو دڵنیاببینەوە لەوەی کە هێرشەکانی ئێران دەوەستن و هەموو لایەک بە شێوەیەکی گونجاو دەپارێزرێن."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر دانوستاندن لەگەڵ تاران، واڵتز لە لێدوانەکەیدا گوتی: "من خۆم راستەوخۆ بەشداریی کۆبوونەوەکانم نەکردووە، بەڵام نوێنەرەکانمان لەگەڵ ئێرانییەکان کۆبوونەتەوە و ئێستا تاوتوێی پێشنیازەکان دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی هاوبەشی خۆی و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد لە نیویۆرک و بە "کۆبوونەوەیەکی ناوازە"وەسفی کرد و گوتی: "بەراورد بە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر، ئێستا لە هەموو کات زیاتر گەشبینم بە ئایندەی عێراق."
دەقی پرسیارەکانی نامۆ و وەڵامەکەی مایک واڵتز: نامۆ عەبدوڵڵا: سوپاس، بەڕێز نوێنەر، چۆنیت؟ سوپاس. مایک واڵتز: "ناوازەیە. دۆستەکانم، کوردەکان.
نامۆ عەبدوڵڵا: "زۆر باشە، زۆر سوپاس. کەواتە دوو پرسیار: یەکێکیان ئەوەیە، بە گوتەی سەرۆک ترەمپ، کۆبوونەوەتان لەگەڵ ئێرانییەکان هەبووە. دەتوانیت هیچمان لەو بارەیەوە پێبڵێیت؟ ئایا بەباشی بەڕێوەدەچن؟" مایک واڵتز: باشە، من کۆبوونەوەکانم نەکردووە. نوێنەرەکانمان کۆبوونەوەکانیان کردووە و ئێمە تاوتوێی پێشنیازەکان دەکەین.
نامۆ عەبدوڵڵا: پرسیاری دووەمیش ئەوەیە: کوردستانی عێراق زۆر نیگەرانە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمە بەرگرییەکان لە وڵاتەکە. ئەوان دەڵێن، بەڕووی هێرشی درۆن و مووشەکی ئێراندا بە کراوەیی بەجێهێڵدراون. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چی دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی ئەوان دەپارێزرێن؟
مایک واڵتز: بڕوانە، پەیوەندییە تایبەتەکەمان، پەیوەندییە تایبەتەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەمەش وەک کڵاوسەوزێک (هێزی تایبەتی ئەمریکا) دەڵێم کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەگەڵ کوردەکاندا بووم، وانییە؟ دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیەی پێش ئێستا. پەیوەندیمان لەگەڵ کوردەکان وەک بەرد پتەوە. نابێت هیچ کەسێک نیگەران بێت و ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هەردوو لایەندا، کوردەکان و بەغدا، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هێرشەکانی ئێران دەوەستن و هەموو لایەک بە شێوەیەکی گونجاو پارێزراو دەبن. هەروەها کۆبوونەوەیەکی ناوازەمان هەبوو، کۆبوونەوەیەکی ناوازە لەگەڵ وەزیر روبیۆ و سەرۆکوەزیران. من بۆ داهاتووی عێراق لە هەموو کات زیاتر گەشبینم بە بەراورد بە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر.




