بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

دوا دەرفەت بۆ دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا بە داشکاندنی 50% راگەیەنرا

دوا دەرفەت بۆ دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا بە داشکاندنی 50% راگەیەنرا
ئابووری
کوردستان حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەرزی کۆنی کارەبا

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مۆڵەتێکی دیکە بداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی "رووناکی".

ماوەی ئەو داشکاندنەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە رۆژی 24-09-2026 تا 18-10-2026 بەردەوام دەبێت. 

داشکاندنەکە بەم شێوەیەیە:

- رێژەی 50% داشکاندن بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ دەکرێت.

- رێژەی 25% داشکاندن بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و دامەزراوەکانی میری دەکرێت، جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە.

- مەرجی سوودمەندبوون لەم داشکاندنە ئەوەیە، هاوبەشەکە بڕی تەواوی قەرزە داشکێندراوەکە بە یەکجار لەرێگەی سیستمی (ئی پسوولە) یان هۆبەکانی فرۆشتنی وزە بدات.

بە گوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، دوای رێکەوتی 18ـی تشرینی یەکەم، هەر قەرزێکی کۆن لەسەر هاوبەشان مابێت، بە شێوەیەکی خۆکارانە و بەبێ هیچ داشکاندنێک دەکرێتە قیستی مانگانە. ئەم قیستانەش مەودای شەش تاوەکو 24 مانگ دەخایەنن و راستەوخۆ دەخرێنە سەر پسوولەی مانگانەی کارەبای رووناکی، لە ماوەی 50 رۆژیشدا دەبێت پسوولەکان بدرێن.

هاوکات پڕۆژەی رووناکی چەندین داتا و ئاماری نوێی لەبارەی رەوشی کارەبا و قەرزەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، لەوانە:

- لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنیان لەسەر ماوە.

- زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتییانی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.

- بەپێی نرخە نوێیەکان، 80%ـی هاووڵاتییان بەتایبەتی کەمدەرامەتان، مانگانە پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو کاتەی پارەی مۆلیدە و کارەبای نیشتمانییان پێکەوە دەدا.

پڕۆژەی "رووناکی"یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتایی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، چارەسەرکردنی یەکجاریی قەیرانی کارەبا و دابینکردنی وزەی 24 کاتژمێرییە بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان، شانبەشانی نەهێشتنی پشتبەستن بە مۆلیدە ئەهلییەکان.

لە مانگی ئایاری ساڵی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکە. بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵە تەواوی هەرێمی کوردستان بچێتە ژێر سێبەری ئەم سیستمە نوێیە و کارەبای بەردەوام مسۆگەر بکرێت. 

پێشتر حکوومەت چەندین جار بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەیی بۆ قەرزی کارەبا دەرکردووە تاوەکو هانی هاووڵاتییان بدات قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە و داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێتەوە. ئەم هەنگاوە نوێیەش وەک دوایین دەرفەت راگەیەنراوە بەر لەوەی رێکارە ناچارییەکان جێبەجێ بکرێن و قەرزەکان بەزۆر بخرێنە سەر تێچووی مانگانەی کارەبا.

 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان