بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

توێژینەوەیەکی نوێ، شیکاریی دەروونناسی بۆ کەسایەتیی تاکی کورد دەکات

توێژینەوەیەکی نوێ، شیکاریی دەروونناسی بۆ کەسایەتیی تاکی کورد دەکات
رۆشنبیری
کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، محەمەد تەها، نووسەر و شارەزای بواری دەروونناسی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی رایگەیاند، لە نوێترین بەرهەمی ئەکادیمیی هاوبەشیدا، لە روانگەی دەروونناسیی بوونناسییەوە شیکارییەکی قووڵ بۆ کەسایەتیی مرۆڤی کورد دەکات.

محەمەد تەها روونیکردەوە، ئەم بەرهەمە لە چوارچێوەی کتێبێکی هاوبەشدا لەسەر کەسایەتیی مرۆڤی عێراقی بڵاوکراوەتەوە. پرۆژەکە بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆر دکتۆر فارس کەمال عومەر نەزمی و بە بەشداریی شەش ئەکادیمیست و رۆشنبیری عێراقی ئامادەکراوە.

لە بەشی تایبەت بە کەسایەتیی تاکی کورد، ئەم نووسەرە پێوەرەکانی دەروونناسیی بوونناسیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەربکەوێت کەسایەتیی تاکی کورد خاوەن پێکهاتەیەکی ساخە یان ناساخ. شیکارییەکە پشت بە سێ جۆری پەیوەندیی وجودی دەبەستێت کە بریتین لە کۆکبوون لەگەڵ خود، کۆکبوون لەگەڵ ئەوانی دیکە، هەروەها کۆکبوون لەگەڵ جیهان و ژینگەی دەوروبەر.

بەگوێرەی بنەماکانی ئەم قوتابخانە دەروونناسییە، بوونی ئەو سێ پەیوەندییە نیشانەی کەسایەتییەکی هاوسەنگە. تەها لە دەرەنجامی توێژینەوەکەیدا جەختدەکاتەوە، فەراهەمکردنی ئەو پەیوەندییانە مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە ئارامییەکی دەروونی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریدا تێپەڕێت.

ئەم تێڕوانینەی محەمەد تەها، لەلایەن بەشداربووانی کتێبەکەوە پێشوازیی لێکراوە، بنەماکەی بۆ توێژینەوەیەک دەگەڕێتەوە کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە کۆنگرەی هاوبەشی کۆمەڵەی دەروونزانیی سیاسیی عێراقی و زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر پێشکەشی کردبوو.

محەمەد تەها خاوەنی 22 کتێبی چاپکراوە لە بوارەکانی دەروونناسی و فەلسەفەی دەروونناسیدا. ئەو لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا سەرنجی خستووەتە سەر شیکارکردنی کەسایەتی و خودی مرۆڤی کورد.

 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان