بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی لە سوید بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی لە سوید بەڕێوەدەچێت
سیاسی
جیهان هەڵبژاردنی سوید

ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکانی سوید بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە 26ی ئابەوە دەنگدانی پێشوەختە دەستیپێکردبوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، ئاوارە هەورامی پەیامنێری لە سوید رایگەیاند، بڕیارە کاتژمێر 8:00 بە کاتی ئەوروپا بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا بكرێنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 26ی ئابەوە دەنگدانی پێشوەختە لە رێگەی دەنگدانی ئەلیکترۆنییەوە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، هەروەها لە رێگەی ئەو بنکە تایبەتانەی ئامادە کرابوون، دەستیپێکردبوو.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاوارە هەورامی خستوویەتیەڕوو، تا دوێنێ کاتژمێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ، 3.5 ملیۆن هاووڵاتی دەنگی پێشوەختەیان داوە. ئەمڕۆش لە کاتژمێر 8:00ەوە پرۆسەکە دەستیپێکردووە و لە سەرتاسەری سوید 6 هەزار و 312 بنکەی دەنگدان بۆ هەرسێ دەنگدانەکە (پەرلەمان، هەرێم و شارەوانی) کراونەتەوە.

لە سەرتاسەری سوید لە کۆی 10,613,531 دانیشتووان (کە 5,331,482 پیاو و 5,278,998 ئافرەتن) لە 21 هەرێمی وڵاتەکە، نزیکەی 8 ملیۆن و 600 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بڕیاریشە کاتژمێر 11:30ی شەو بە کاتی کوردستان ئەنجامە بەراییەکان رابگەیەندڕێن.

لە پەرلەمانی سویددا ئێستا 8 پارت ئامادەییان هەیە کە بریتیین لە:

- پارتی سۆسیال دیموکرات
- دیموکراتەکانی سوید
- میانڕەوەکان
- پارتی چەپ
- پارتی ناوەڕاست
- پارتی ژینگە
- پارتی لیبرال
- پارتی دیموکراتە کریستییانەکان

ئێستا سێ پارت لە دەسەڵاتدان (میانڕەوەکان، دیموکراتە کریستیانەکان، لەگەڵ لیبڕالەکان) و سەرۆکوەزیرانی سوید لە پارتی میانڕەوەکانە، ئەوەش بە پشتیوانی پارتی "دیموکراتەکانی سوید"کە لەنێو پەنابەراندا بە پارتە توندڕەوەکە ناسراوە. هیچ کام لەم پارتانەی دەسەڵات لە هەڵبژاردنی رابردوودا نەیانتوانی بەقەد سۆسیال دیموکرات و دیموکراتەکانی سوید کورسی بەدەستبهێنن، کە ئێستا سۆسیال دیموکراتەکان 107 کورسییان لە پەرلەماندا هەیە.

کاندیدانی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سوید

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا نزیکەی 150 کورد لەسەر لیستی پارتە جیاوازەکان خۆیان کاندید کردووە. بەپێی هاوسۆزی و هاوبیری، زۆربەی کوردستانییان روویان لە پارتی سۆسیال دیموکرات کردووە (کە بە پارتی کرێکاران بەناوبانگە) و هەمیشە پشتیوانێکی سەرسەختی دۆزی کورد بووە، تەنانەت لە ساڵانی رابردووشدا زۆربەی ئەندام پەرلەمانە کوردەکان سەربەو پارتە بوون.

ساڵی رابردوو لە پەرلەمانی سویددا 6 ئەندامی کورد هەبوون، کە ئەمەش لە مێژووی ئەوروپادا بێوێنەیە. لەم هەڵبژاردنەدا و لەنێو پارتی سۆسیال دیموکرات، ناوی دوو کاندیدی کورد لە سەرەتای ریزبەندییەکەدایە کە سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە؛ ئەوانیش لاوێن رێدار (ژمارە 2) و قادر کەسێلگە (ژمارە 5)ن، کە لە 8 ساڵی رابردوودا هەردووکیان ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی سوید بوون.

 
 
ئیسرا ئەنوەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان