بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سوێد بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز؛ ململانێیەکی تووند لە نێوان چەپ و راستڕۆکاندا

سوێد بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز؛ ململانێیەکی تووند لە نێوان چەپ و راستڕۆکاندا

دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، زیاتر لە 8 ملیۆن هاووڵاتیی سوێد روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی 349 ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەیان (ریکسداگ)، لە هەڵبژاردنێکی گشتی و چارەنووسسازدا کە کێبڕکێیەکی زۆر تووند و گەرم لە نێوان بەرەی چەپ و هاوپەیمانیی راستڕۆکاندا بەڕێوەدەچێت. نزیکەی 200 بەربژێری کورد کێبڕکێی بەدەستهێنانی دەنگ دەکەن.

ئەمە بە یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی لە سوێد دادەنرێت لە دوای ئەندامبوونی فەرمیی وڵاتەکە لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

کات و رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەپێی دەستووری سوێد، هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمان لە دووەم یەکشەممەی مانگی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت. لەم هەڵبژاردنەدا، دەنگدەران متمانە دەبەخشنە ئەندامانی پەرلەمان، ئەوانیش لە بەرامبەردا دەنگ لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات دەدەن. 

لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا، هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و ئەنجوومەنی هەرێمەکانیش بەڕێوەدەچن. بۆ پێکهێنانی حکومەت و مسۆگەرکردنی زۆرینەی پەرلەمانی، هەر بەرەیەک پێویستی بە بەدەستهێنانی لانیکەم 175 کورسی هەیە.

بەربژێرە سەرەکییەکان ململانێی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران و رابەرایەتیکردنی وڵات لە نێوان سێ کەسایەتیی دیاری سیاسەتی سوێد دایە:

ماگدالینا ئەندەرسۆن (سۆسیال دیموکرات) سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوێد (2021-2022) و رابەری ئۆپۆزیسیۆن. ئەندەرسۆن کە کەسایەتییەکی ئابووریناس و بە ئەزموونە، بەڵێنی داوە باجی سەر بانکەکان و خاوەن داهاتە بەرزەکان زیاد بکات بە مەبەستی وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستی، قوتابخانەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان. لە نێو شەقامدا بە (بوڵدۆزەر) ناسراوە و هەوڵدەدات جارێکی دیکە چەپەکان بگەڕێنێتەوە بۆ دەسەڵات.

ئولف کریستەرسۆن (پارتی مۆدێرات - میانڕۆ) سەرۆکوەزیرانی ئێستای سوێد، کە لە ساڵی 2022ـەوە بە پشتیوانیی راستڕۆ تووندڕۆکان (دیموکراتەکانی سوێد) حکومەتی پێکهێناوە. کریستەرسۆن خۆی وەک بەربژێرێکی جێگیر بۆ پاراستنی بەرەی راست دەبینێت و کارنامەکەی لەسەر بنەمای تووندکردنەوەی یاساکانی کۆچ، سنووردارکردنی تاوانی رێکخراو و بەهێزکردنی توانای بەرگریی سوێد داڕشتووە.

جیمی ئۆکیسۆن (دیموکراتەکانی سوێد - راستڕۆی تووندڕۆ) سەرۆکی پارتی راستڕۆی تووندڕۆ، کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا پارتەکەی لە گرووپێکی پەراوێزخراوەوە کردووەتە دووەم گەورەترین هێزی سیاسی لە وڵاتەکەدا. ئۆکیسۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە فەرمی داوای بەشداریکردنی راستەوخۆ لە کابینەی نوێ و وەرگرتنی وەزارەتە سەرەکییەکان دەکات، بەتایبەت وەزارەتی کۆچ، هاوکات چاوی لەوەیە لە ساڵی 2030 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر بکات.

بەربژێرانی کورد لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی رۆژی 13ـی ئەیلوولی سوێددا، زیاتر لە 200 بەربژێری کورد کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان دەکەن. 

لە کاتێکدا کێبڕکێیەکی یەکجار تووند لە نێوان بەرەی چەپ و بەرەی راستڕۆدا هەیە، بوونی نزیکەی 170 هەزار کورد لەو وڵاتەدا پێگەی دەنگدەری کوردی کردووەتە ژمارەیەکی گرنگ و یەکلاکەرەوە. 

بەربژێرە کوردەکان، کە هەندێکیان چاویان لە پۆستی باڵای وەک سەرۆکشارەوانیی ستۆکهۆڵمە، دەیانەوێت ببنە پردێک بۆ تێکەڵکردنی رەوەندی کوردی بە کۆمەڵگەی سوێدی و داکۆکیکردن لە مافەکانیان.

بەشێک لە بەربژێرانی کورد گوڵان ئاڤجی: سیاسەتڤانێکی دیاری پارتی لیبراڵە و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی سوێد بووە. لەم هەڵبژاردنەدا بۆ پۆستی سەرۆکشارەوانیی ستۆکهۆڵمی پایتەخت کێبڕکێ دەکات.

سەیران عەسکەری: خەڵکی باشووری کوردستانە و زیاتر لە 37 ساڵە لە سوێد دەژی. لەم هەڵبژاردنەدا بۆ هەر سێ ئاستی پەرلەمان، هەرێم و شارەوانییەکان لە شاری ئۆرێبرۆ خۆی بەربژێر کردووە.

قادر کاسیرگا: پەرلەمانتارێکی پارتی سۆسیال دیموکراتە و یەکێکە لە بەربژێرە کوردەکانی ئەم ساڵ. ئەو وەک داکۆکیکارێکی مافەکانی کورد، بەتایبەتی مافی کوردی رۆژئاوای کوردستان ناسراوە.

ئامینە کاکەباوە: خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە قەیرانی سیاسیی ساڵی 2021ـدا دەنگی یەکلاکەرەوەی دا بۆ دەرچوونی ماگدالینا ئەندەرسۆن وەک یەکەم ژنە سەرۆکوەزیران، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییە کوردەکان لەو وڵاتەدا.

پارتە سەرەکییە بەشدارەکان لە هەڵبژاردن پەرلەمانی سوێد لە هەشت پارتی سەرەکی پێکهاتووە کە بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەش بوون: یەکەم: بەرەی چەپ و ناوەند (ئۆپۆزیسیۆن)

پارتی سۆسیال دیموکرات: گەورەترین پارتی سوێدە و زۆرینەی راپرسییەکان لە پێشەوە دایاندەنێن.

پارتی چەپ: هێزێکی سۆسیالیستییە و مەرجی داناوە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێ دەبێت پۆستی وەزاریی پێبدرێت.

پارتی سەوز: گرنگی بە پرسەکانی ژینگە و سیاسەتی کەشوهەوا دەدات.

پارتی ناوەند: پارتێکی لیبراڵە کە لەگەڵ چەپەکاندایە، بەڵام ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی پارتی چەپ لە حکومەتدا هەیە.

دووەم: هاوپەیمانیی راستڕۆکان (هاوپەیمانیی تیدۆ)

پارتی دیموکراتەکانی سوێد: پارتێکی پۆپۆلیستی راستڕۆی دژە کۆچبەرانە و خاوەنی نزیکەی 20٪ـی دەنگەکانە.

پارتی میانڕۆ - مۆدێرات: پارتی سەرۆکوەزیران کریستەرسۆنە و هێزی سەرەکیی پارێزگارەکانە.

پارتی کریستیان دیموکرات پارتێکی راستڕۆی کۆنەپارێزە بە سەرۆکایەتیی ئیبا بوش.

پارتی لیبراڵەکان: پارتێکی لیبراڵی بچووکە کە لەم خولەدا بەربەستی 4٪ـی پەرلەمانی هەڕەشەی لەسەر دروستکردووە.

راپرسییەکانی پێش دەنگدان راپرسییەکان لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام پێشەنگییان بە بەرەی چەپ داوە، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا جیاوازیی نێوان هەردوو بەرەکە زۆر کەم بووەتەوە. 

بەپێی سێ راپرسیی نوێ کە هەفتەی پێش دەنگدان کراون، بەرەی چەپ نزیکەی 50٪ـی دەنگەکان و بەرەی راستڕۆ نزیکەی 47٪ـی دەنگەکان دەهێنن.

سەبارەت بە گرنگترین ئەو پرسانەی دەنگدەرانی سوێد بڕیاری لەسەر دەدەن، کەرتی تەندروستی، پەروەردە، ئاسایش و سەروەریی یاسا، کۆچ و تێکەڵبوونەوە، دۆخی ئابووری و هەڵئاوسان لە سەرووی نیگەرانییە لەپێشینەکانی هاووڵاتییانەوەن.

چاوەڕوانییەکان و سیناریۆکانی دوای هەڵبژاردن پێشبینی دەکرێ دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، دانوستاندنێکی زۆر قورس و درێژخایەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکات:

ئەگەری سەرکەوتنی چەپەکان: ئەگەر سۆسیال دیموکراتەکان سەرکەون، ماگدالینا ئەندەرسۆن دەبێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام رووبەڕووی ناکۆکیی قووڵی نێوان پارتی چەپ و پارتی ناوەند دەبێتەوە؛ چونکە پارتی چەپ داوای وەزارەت دەکات و پارتی ناوەندیش بەشداریکردنی پارتی چەپ رەتدەکاتەوە.

ئەگەری مانەوەی راستڕۆکان: ئەگەر هاوپەیمانییەکەی کریستەرسۆن زۆرینە بپارێزێت، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سوێددا پارتی راستڕۆی تووندڕۆ (دیموکراتەکانی سوێد) راستەوخۆ دەچێتە نێو حکومەت و وەزارەتی گرنگ وەردەگرێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی وڵاتەکەدا لە بەرامبەر پەنابەران و پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەکات.

لە رووی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشەوە، تەواوی پارتە سەرەکییەکان لەسەر بەردەوامیی پابەندییەکانی سوێد بە هاوپەیمانیی ناتۆ و بەهێزکردنی بەرگریی نیشتمانی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی رووسیا کۆکن، بۆیە پێشبینی ناکرێت هیچ کام لەو سیناریۆیانە کاریگەری لەسەر پێگەی سەربازیی نوێی سوێد دروست بکات.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان