دیجیتاڵ
دان سارجێنت، چێشتلێنەری تایبەتی هاری کەین پەردە لەسەر نهێنییەکانی سیستمی خۆراکی و ئەو پابەندبوونە تووندوتۆڵە لادەدات کە وایکردووە هێرشبەرەکەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە تەمەنی 33 ساڵیدا لە لووتکەی تۆپی پێی جیهاندا بمێنێتەوە.
پەیوەندی سارجێنت لەگەڵ کەین لە مانگی 12ـی 2016 دەستیپێکرد، کاتێک کەین تەمەنی 23 ساڵ بوو لە یانەی تۆتێنهام یاریی دەکرد و بەدوای رێنوێنی و بەرنامەیەکی زانستیی خۆراکدا دەگەڕا تاوەکو ئاستی وەرزشی خۆی پێش بخات.
سارجێنت لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، کەین خاوەنی بیرکردنەوەیەکی پێشکەوتووە بۆ وەبەرهێنان لە جەستەی خۆیدا و گوتی "کەین دەیزانی خۆراک جیاوازییەکی بنەڕەتی لە کاروانەکەیدا دروستدەکات، هەربۆیە زۆر بە وردی پرسیاری لە هەموو پرۆسەکە و جۆری پێکهاتەکان دەکرد".
بە پێچەوانەی یاریزانانی وەک ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچێستەر سیتی کە سیستمی نائاسایی وەک شیری نەکوڵاو و دڵی مانگا بەکاردەهێنێت، سیستمی کەین لەسەر بەردەوامی، کات و بڕی پێویستی خۆراک بەپێی کاتی یارییەکان بنیاتنراوە؛ لە یارییەکانی نیوەڕۆدا پشت بە خۆراکی سووکی وەک هەنگوین و مۆز دەبەستێت، بەڵام بۆ یارییەکانی شەو برنج و مەعکەرۆنی لە کاتی پێشوەختەدا دەخوات. سارجێنت دەڵێت "لازانیای ئامادەکراو بە ئاوی ئێسک، یەکێک بووە لە خۆراکە دڵخوازەکانی کەین لە هەموو قۆناخەکاندا، تەنانەت لە رۆژانی پشووی سەری ساڵیشدا داوای دەکرد".
کەین کە دەیەوێت هاوشێوەی ئەستێرەکانی وەک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەمەنی یارییکردنی لە لووتکەدا درێژبکاتەوە، بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر، دوای ئەوەی لە وەرزی رابردوودا 73 گۆڵی لەگەڵ بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تۆمارکرد.
هاری کەین بەم دواییانە ریکۆردێکی مێژوویی تەمەن 49 ساڵەی شکاند و بووە خێراترین یاریزان لە مێژووی بۆندێسلیگادا بگاتە 100 گۆڵ، هاوکات گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە بە 85 گۆڵ، لەگەڵ یانەی بایرن میونشنیش لە کۆی 154 یاری 152 گۆڵی تۆمارکردووە.




