بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئارنۆڵد: ئامانجی ئێمە بردنەوەی نازناوی جامی کەنداوە

ئارنۆڵد: ئامانجی ئێمە بردنەوەی نازناوی جامی کەنداوە

دیجیتاڵ

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، پێش یەکەم یارییان لە جامی کەنداودا دەڵێت "ئەمە هەلێکە بۆ ئەوەی دەرفەت بدەینە هەندێک یاریزانی نوێ و ئێمە توانای ئەوەمان هەیە ئاستێکی بەرز لە رکابەرییەکەدا پێشکێش بکەین و رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەین".

راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یەکەم یارییان لە جامی کەنداو، کە رۆژی چوارشەممە بەرامبەر عومان یاریی دەکەن گوتی "ئێمە بە سەرنجێکی بەهێز و بەرزەوە هاتووینەتە ئێرە و ئامانجی ئێمە روونە. ئەزموون و بەهرەمان هەیە و دەتوانین ئاستێکی بەرز لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشکێش بکەین".

راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی "ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانی ئێستا لە مۆندیالدا لەگەڵمان بوون و ئەزموونی زۆریان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانی لاومان هەیە کە داهاتووییەکی گەورەیان دەبێت، توانای زۆریان هەیە و ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکەن. ئێمە توانای زۆرباشمان لەڕووی هونەرییەوە هەیە و ئەمەش هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەین نەک بردنەوەی یارییەکان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گراهام گوتی "ئێمە تەنیا دوو رۆژمان هەبوو بۆ خۆ ئامادەکردن، کار لەسەر توانای جەستەیی کراوە و ئەوە گرنگترین شتە پێش یاریی یەکەم و کردنەوە".

ئارنۆڵد دوورخستنەوەی عەلی حەمادیی بەهۆی پێکانەوە راگەیاند و دەڵێت "حەمادی پێکانی هەیە، بەڵام یاریزانەکانی دیکە لەڕووی هونەری و جەستەییەوە بەتەواوی ئامادەن".

لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان، راهێنەری عێراق گوتی "عومان هەڵبژاردەیەکی بەهێزە، ئەزموونێکی زۆر و پێویستی لە پاڵەوانێتییەکەدا هەیە، شتێکی ئاساییە هەڵسەنگاندن بۆ رکابەرەکەت بکەی، بەڵام سەرنجی زۆر و گرنگ لەسەر هەڵبژاردەی عێراقە. یاریزانەکانمان ویستی گەورەیان هەیە و سوورن لەسەر ئەوەی ئاستێکی بەرز لە یارییەکەی بەرامبەر عومان پێشکێش بکەن".

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "ئێمە وەکو یەک خێزان لە هەڵبژاردەکەدا کاردەکەین، ئامانجی ئێمە بردنەوەی نازناوەکە و دڵخۆشکردنی هاندەرانە".

جامی کەنداو رۆژی چوارشەممە لە سعودیە دەستپێدەکات، کاژێر 17:30 هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر عومان یاریی دەکات.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان