بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئەردۆغان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە "خاڵی وەرچەرخان"ناودەبات

ئەردۆغان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە "خاڵی وەرچەرخان"ناودەبات

دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی، بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی بە "خاڵێکی گەورەی وەرچەرخان"ناوبرد؛ ئاماژەی بەوەش کرد، کورد خوشک و برای ئەوانن و پەیوەندیی مێژوویی دانەبڕاو لە نێوان کورد، تورک و عەرەبدا هەیە. ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە زیاتر لە چوار دەیە بەردەوام بوو، گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر ئامانجێکی ستراتیژییە بۆ ئێمە کە لە پرسی کات تێدەپەڕێ. ئێمە دەمانەوێ بۆ هەمیشە پرسی تیرۆر لە کارنامەمان دەربێنین، کە بە درێژایی دەیان ساڵ بەهۆیەوە خەڵک مردووە، سەرچاوەکانمانی بەفیڕۆ داوە و رێگری لە گەشەپێدانی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان کردووە.. لەم رووەوە، ئێمە بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەک وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینین".

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، گرنگە هەموو لق و پێکهاتەکانی سەر بە پەکەکە پابەندی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بن و گوتی: "دەبێت سەرجەم ئەندام و بەشەکانی ئەو رێکخراوە چەک دابنێن، پێکهاتە نایاساییەکە هەڵبوەشێندرێتەوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەکەمان ئەم پرۆسەیە پشتڕاست و پەسند بکەن."

سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و تێکەڵکردنی هەسەدە و هێزەکانی دەوڵەتی سووریا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە بە هەمان روانگەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن و جەختی لە پێویستی یەکگرتنی سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەژێر چەتری سوپای دەوڵەتی ناوەندیی سووریادا کردەوە و گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە دەکەین لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان و دامەزراندنی دۆخێک کە تێیدا سەرجەم سووریاییەکان، لەنێویاندا کورد، بتوانن لە ئاسایش، ئازادی و خۆشگوزەرانییەکی زیاتردا بژین. چەندە یەکڕیزیی سووریا بەهێزتر بێت، ئاسایشی ناوچەکەمان بە هەمان شێوە بەهێزتر دەبێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان هۆشداری دا لە هەر جووڵەیەکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی: "گەلی ئێران دەبێت کاروباری ناوخۆی ئێران بەبێ دەستوەردانی دەرەکی چارەسەر بکات. جووڵاندن و ورووژاندنی هێڵە نەتەوەیی و تائیفییەکان، ئێران و تەواوی ناوچەکەمان دەخاتە نێو ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنەوە و نابێت رێگە بەمە بدرێ."

سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێک ئاراستەی گەلی کورد دەکات و دەڵێ: "کورد خوشک و برای ئێمەن. ئێمە بۆ هەزار ساڵ پێکەوە، شانبەشانی یەکدی ژیاوین و خۆشییەکانمان هاوبەشن. وەک هەمیشە دەڵێم، کورد، عەرەب و تورک بە شێوەیەکی دانەبڕاو پێکەوە گرێدراون. ئێمە ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی برا و خوشکە کوردەکانمان لە ئەجێندای رێکخراوە تیرۆریستییەکان یان هێزە دەرەکییەکان جیا دەکەینەوە."

دەقی پرسیار و وەڵام رۆژنامەڤان: سەرەڕای گرژییەکان لە سووریا، ئێمە ژمارەیەک سەرکەوتنمان بۆ بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەم گۆڕەپانەدا بینیوە، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. ئەم دەستکەوتە چی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەگەیێنێت و ئایا ئێوە نیگەرانن لە هەر هەوڵێکی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سپۆنسەرکردن و پشتیوانیکردنی بزووتنەوە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران لە باکووری عێراق، کە هەندێکیان پەیوەندیی مێژووییان لەگەڵ پەکەکە [پارتی کرێکارانی کوردستان]دا هەیە؟   

رەجەب تەیب ئەردۆغان: تورکیای بێ تیرۆر ئامانجێکی ستراتیژییە بۆ ئێمە کە لە پرسی کات تێدەپەڕێت. ئێمە دەمانەوێت بۆ هەمیشە پرسی تیرۆر لە کارنامەمان دەربهێنین، کە بە درێژایی دەیان ساڵ گیانی مرۆڤەکانی سەندووە، سەرچاوەکانمانی بەفیڕۆ داوە و رێگریی لە گەشەپێدانی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان کردووە. لەم رووەوە، ئێمە بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەک وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینین. گرنگترین لایەن، جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەم بڕیارانەیە لەسەر زەوی. دەبێت سەرجەم ئەندام و بەشەکانی ئەو رێکخراوە چەک دابنێن، پێکهاتە نایاساییەکە هەڵبووەشێنرێتەوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەکەمان ئەم پرۆسەیە پشتڕاست و پەسند بکەن. ئێمە بە هەمان شێوە چاودێریی پێشهاتەکانی سووریاش دەکەین. یەکگرتن و تێکەڵکردنی سەرجەم پێکهاتە چەکدارەکانی ئەوێ لەژێر پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندی، پێویستە بۆ بەهێزکردنی سەروەری، یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. ئێمە پشتیوانی لە بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە دەکەین لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان و دامەزراندنی دۆخێک کە تێیدا سەرجەم سووریاییەکان، لەنێویاندا کورد، بتوانێ لە ئاسایش، ئازادی و خۆشگوزەرانییەکی زیاتردا بژی. چەند یەکڕیزیی سووریا بەهێزتر بێت، ئاسایشی ناوچەکەمان بە هەمان شێوە بەهێزتر دەبێت. ئێمە هەروەها لە نزیکەوە چاودێریی هەوڵەکانی پەکەکە/پژاک دەکەین بۆ قۆستنەوەی ئەو دۆخەی کە لە پێشهاتەکانی ئێرانەوە سەریهەڵداوە. گەلی ئێران دەبێت کاروباری ناوخۆی ئێران بەبێ دەستوەردانی دەرەکی چارەسەر بکات. جووڵاندن و ورووژاندنی هێڵە نەتەوەیی و تائیفییەکان، ئێران و تەواوی ناوچەکەمان دەخاتە نێو ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنەوە. نابێت رێگە بەمە بدرێ. کورد خوشک و برای ئێمەن. ئێمە بۆ ماوەی هەزار ساڵ پێکەوە، شانبەشانی یەکدی ژیاوین. خۆشییەکانمان هاوبەشن. وەک هەمیشە دەڵێم، کورد، عەرەب و تورک بە شێوەیەکی دانەبڕاو پێکەوە گرێدراون. ئێمە ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی برا و خوشکە کوردەکانمان لە ئەجێندای رێکخراوە تیرۆریستییەکان یان هێزە دەرەکییەکان جیا دەکەینەوە. پێوەری تورکیا ناسنامەی نەتەوەیی نییە، بەڵکو تیرۆر، تووندوتیژی و هەڕەشەکانە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان. ئێمە بڕوامان وایە کە نابێت هیچ پێکهاتەیەک لە ناوچەکەماندا لە جەنگە بەوەکالەتەکانی وڵاتانی دیکەدا بەکاربهێندرێت.   

سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان