بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سێنتکۆم: ئاراستەی 122 کەشتیی بازرگانیمان لە کەنداو گۆڕیوە

سێنتکۆم: ئاراستەی 122 کەشتیی بازرگانیمان لە کەنداو گۆڕیوە

دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، هێزی دەریایی وڵاتەکەی راهێنان لەسەر کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس بۆکسەر دەکات، لە کاتێکدا کەشتییەکە لە ناوچەکەدا دەگەڕێ و بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر ئێران دا. رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، ئەندامانی هێزی دەریایی ئەمریکا سەر بە یەکەی 11ـی هێرشبەری پیادەی دەریایی لەسەر کەشتیی یو ئێس ئێس بۆکسەر راهێنان دەکەن و ئەرکی چاودێری و سەپاندنی گەمارۆکە لە دەریادا بەڕێوەدەبەن.

لە 14ـی تەممووزەوە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران دا سەپاندووەتەوە. بەگوێرەی نوێترین ئاماری سێنتکۆم، "تاوەکو 25ـی ئەیلوول، هێزەکانی سێنتکۆم رێڕەوی 122 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە تاوەکو دڵنیاببنەوە لە پابەندبوونی تەواوەتییان"بەو گەمارۆیەی کە بەسەر بەندەرەکانی ئێران دا سەپێندراوە.

رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ـی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست.

رۆژی دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار.

بەرپرسانی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز بە پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکەیان بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دادەنێن. ئێرانیش هەڵگرتنی گەمارۆکە بە مەرجی کردنەوەی تەنگەکە دادەنێت.

ئەمە لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندایە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی لە وەڵامدا جەخت دەکەنەوە کە تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵی وڵاتەکەیاندایە.

 

سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان