دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان کە نوێنەرایەتیی لە 25 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا هەیە، پاڵپشتی خۆی بۆ هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە پرۆسەی چارەسەری راگەیاند و دەڵێ، "پشتیوانیی هەر هەنگاوێکی بنیاتنەر و هەر زەوینەیەکی دیموکراتی و یاسایی دەکەین کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاشتی و خۆشگوزەرانییەوە هەیە."
ئەمرۆ یەکشەممە، 27ی ئەیولوولی 2026 فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان، کۆبوونەوەیەکی بە ناونیشانی (برایەتیی دێرین، رێککەوتنی گەورەی تورکیا) کرد کە لە هۆتێلێکی شاری وان لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو و نوێنەرانی هۆزەکانی پارێزگاکانی ناوچەکە، کەسایەتییە دیارەکان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشداربوون.
راسیم ئەسڵان، سەرۆکی گشتیی فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان، لە گوتاری دەستپێکدا رایگەیاند، هۆزەکانی ناوچەکە سەدەیان ساڵە یادەوەریی ئەم جوگرافیایە و نوێنەری رووحی برایەتی، بەزەیی و پشتیوانی بوون.
ئەسڵان گوتی، "ئەمرۆ گەورەترین قەڵخانمان لە دژی ئەو ناوەندانەی دەیانەوێت تۆوی دووبەرەکی لەنێوانماندا بچێنن، ئەم پەیوەندییە پتەوەی نێوانمانە."
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکەمان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانمانە لە هەموو کاتێک گەورەترە."
راسیم ئەسڵان باسی لەوە کرد، ماوەی 40 ساڵە لەلایەن "ناوەندە دەرەکییەکانەوە"برا لە برا دەکرێتە دوژمن و گوتی:"وەک فیدراسیۆن، لە نزیکەوە چاودێری و پشتیوانیی هەر هەنگاوێکی بنیاتنەر و هەر زەمینەیەکی دیموکراتی و یاسایی دەکەین کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاشتی، خۆشگوزەرانی و داهاتووی هاوبەشی وڵاتەکەمانەوە هەبێت."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش سەرۆکی فیدراسیۆنەکە پاڵپشتی فیدراسیۆنەکەیانی بۆ پرۆسەکی دووپاتکردەوە گوتی، "دەزانین لە شوێنێک ئارامی نەبێت، گەشەپێدان نابێت و لە شوێنێک دادپەروەری نەبێت، خۆشگوزەرانی نابێت."
فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان لە 102 هۆزی باکووری کوردستان و تورکیا پیکهاتووە. ئەو فیدراسیۆنە ناوەندی گشتیی لە پارێزگای وانە و لە 25 پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا نوێنەرایەتیی هەیە.
حکومەتی تورکیا لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەهێز بکات.
لە بەرامبەردا ئەو دامەزراوەیە یەکێکە لەو رێکخراوانەی کە بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت لە ناوچەکە دەردەبڕێ.




