بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ماهان ئێیەر: گەشتەکانمان بۆ سلێمانی راگیراون

ماهان ئێیەر: گەشتەکانمان بۆ سلێمانی راگیراون

دیجیتاڵ

کۆمپانیای ماهان ئێیەر دەڵێت، درەنگانی شەوی رابردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ناتوانن هیچ خزمەتگوزارییەکی نیشتنەوەی فڕۆکە پێشکەش بکەن.

رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، سەرهەنگ مەمووندی، نوێنەری کۆمپانیای (ماهان ئێیەر) بەی گوت: "شەوی رابردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی بەفەرمی ئاگاداری کردینەوە کە ناتوانن هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکەشی فڕۆکەکانمان بکەن، بەوپێیەی گەشتی کۆمپانیا ئێرانییەکان راگیراوە."

سەرهەنگ مەمووندی ئاماژەی بەوە کرد: "بڕیار بوو ئەمڕۆ کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆ فڕۆکەیەکی کۆمپانیای ماهان ئێیەر بەزیاتر لە 100 سەرنشینەوە لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی تارانەوە بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، بەڵام گەشتەکەمان هەڵوەشاندەوە، بەوپێیەی ئاگادار کراینەوە کە هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بەفڕۆکەکەمان ناکرێت."

کۆمپانیای ماهان ئێیەر دەڵێت: "فڕۆکەخانەی سلێمانی گوتوویەتی، ناتوانین سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانتان دابین بکەین"؛ هاوکات سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی هاندلینگ کە تایبەتن بەفێنککردنەوەی فڕۆکەکان و ئامادەکردنی قادرمە و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەرنشینان راگیراوە.

سەبارەت بەو سەرنشینانەی بڕیار بوو بگەنە سلێمانی و گەشتەکەیان هەڵوەشاوەتەوە، نوێنەری کۆمپانیای ماهان ئێیەر روونیکردەوە، سەرجەمیان تێچووی بلیتەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە، هاوکات هاونیشتمانییان ناچارن بەرێگەی وشکانی و لەدەروازە نێودەوڵەتییەکانەوە بگەڕێنەوە.

هاوکات سەرچاوەیەک لەوەزارەتی گواستنەوەی عێراق بەتۆڕی میدیاییی راگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لەئێرانەوە بۆ عێراق و بەپێچەوانەشەوە راگیراون.

ئەم لێدوانانە لەکاتێک دایە، رۆژی 20ـی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەهەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی) رایگەیاند، لە 23ـی ئەیلوولەوە (رۆژی چوارشەممە) سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لەسەرتاسەری جیهان دا دادەخرێن.

بێسێنت گوتی: "ئەگەر فڕۆکەکانی ئێران لەهەر فڕۆکەخانەیەک بنیشنەوە، رێگەیان پێ نادرێت سووتەمەنییان پێ بدرێت، ناتوانن خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکەن و ناتوانن هیچ بلیتێکیان پێ بفرۆشن، بەپێچەوانەوە هەر کەس و لایەنێک ئەو کارە بکات، لەسیستمی دارایی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت."

سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان