Skip to content
krd24.netkrd24.net

دوای 25 ساڵ لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر ''هەڕەشەی تیرۆر ئاڵۆزتر بووە''

دوای 25 ساڵ لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر ''هەڕەشەی تیرۆر ئاڵۆزتر بووە''

دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە دوو دەیە لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا و پسپۆڕانی بواری تیرۆر کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەڕەشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئاڵۆزتر بوون و ئەمریکا سەلامەتتر نییە لەچاو رابردوو.

لەم هەفتەیەدا و لەکاتێکدا ئەمریکا یادی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری دەکردەوە، باڵیۆزانی 15 وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بانگهێشتی ئەمریکا سەردانی مۆنۆمێنتی گراوند زیرۆیان کرد، کە شوێنی هێرشەکان بوو لە نیویۆرک.

هاوکات، پسپۆڕان و بەرپرسان لە کۆنفرانسێکی ناوەندی سوفان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاستی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئەمریکا. نیکۆلاس ستۆکهامەر، یەکێک لە نووسەرانی راپۆرتی ئیندێکسی جیهانیی تیرۆر، رایگەیاند، "بەگشتی، مەترسییەکان ئاڵۆزتر، فرەڕەهەندتر و لە زۆر رووەوە توندتر بوون. تیرۆر بووەتە دیاردەیەکی ئۆنلاین و دیجیتاڵ."

کریستۆفەر کۆستا، بەرپرسێکی باڵای پێشووی دژەتیرۆر لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و بەڕێوەبەری ئێستای مۆزەخانەی نێودەوڵەتیی سیخوڕی، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، "پێم وانییە ئەمڕۆ سەلامەتتر بین. پێم وایە هەڕەشەکە ئێستا فرەڕەهەندە."

کۆستا، ئاماژەی بەوەش کرد کە کەمبوونەوەی متمانەی هاوپەیمانەکان بە واشنتن کاتییە و گوتی، "بڕوام وایە ئیدارەکانی داهاتوو پێشەنگییەکان هاوسەنگ دەکەنەوە، جا چ جیاوازیی نییە کۆماری بێت یان دیموکرات."

دوای 22 ساڵ لە دەرچوونی بڕیارەکانی 1368 و 1373ی ئەنجوومەنی ئاسایش کە بوونە بنەمای هاوپەیمانیی جیهانیی دژەتیرۆر، چاوەڕوان دەکرێت ئەو هاوپەیمانییەتییە لاوازتر بێت، بەتایبەتی کاتێک ئەمریکا یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی دژی تیرۆر جێدەهێڵێت، کە ئەویش هەرێمی کوردستانە لە عێراق.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news