Skip to content
krd24.netkrd24.net

قادر کاسرگا: چانسی بەهێز هەیە کوردێک ببێتە وەزیری داھاتووی سوێد

قادر کاسرگا: چانسی بەهێز هەیە کوردێک ببێتە وەزیری داھاتووی سوێد

دیجیتاڵ

پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد کار بۆ کۆکردنەوەی دەنگی کوردانی وڵاتەکە دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان و شارەوانییەکان. بەربژێرێکی دیاری ئەو پارتەش رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا، چانسێکی بەهێز هەیە بۆ یەکەمجار پۆستی وەزیر بدرێتە هاونیشتمانییەک.

قادر کاسرگا، بەربژێری ژمارە 5ی پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ پەرلەمانی سوێد لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ بەرنامەی (دیاسپۆرا) باسی لە هەڵوێستی پارتەکەی بەرامبەر دیاسپۆرای کوردی و رۆڵی کورد لە کایەی سیاسی سوێد کرد و رایگەیاند: "کورد بەشێکی زۆر گرنگ و دیارن لە جڤاکی سوێدی، لە بوارەکانی هونەر، رۆشنبیری، بازرگانی و سیاسەتدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە و خاوەن کەسایەتی لێهاتوون."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی وەزیرێکی کورد لە حکومەتی داهاتووی سوێد، قادر کاسرگا رایگەیاند: "بەر لە هەر شتێک دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوین و حکومەتێک بە سەرۆکایەتی ماگدالێنا ئەندەرسۆن پێکبێنین. لەناو ریزەکانی ئێمەدا کەسایەتی لێهاتوو و بەتوانای کورد هەن کە دەتوانن ئەم بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ، لەوانە لاوین رێدار، خانمی گەنج کە گوتەبێژی پارتەکەمانە بۆ کاروباری تێکەڵکردن. لاوین کەسێکی زۆر چالاک و لێهاتووە و لەو رۆژەی حکومەت پێکبهێنین، ئەو  یەکێک دەبێت لە وەزیرەکانی ناو حکومەت."

ئەو بەربژێرەی سۆسیال دیموکراتەکان باسی لەوەش کرد کە زیاتر لە 200 بەربژێری کورد لەسەر لیستی پارتە جیاوازەکان و بەتایبەت سۆسیال دیموکراتەکان خۆیان بەربژێر کردووە و گوتی: "ئەمە جێگەی سەربەرزییە کە ناوی کورد لە لیستەکاندا روو لە زیادبوونە، هیواخوازین تاوەکو ساڵی 2030 ئەم ژمارەیە بگاتە 300 بۆ 400 بەربژێر."

ئەو سەرکردەیەی سۆسیال دیموکرات سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی رابردوو و نیگەرانییەکانی کوردی سوێد لەسەر هەندێک پرسی سیاسی وەک بەئەندامبوونی سوێد لە پەیمانی ناتۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک بەهەڵەتێگەیشتن هەبووە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی کە لەم 4 ساڵەی رابردوودا بە کارکردنی بەردەوام لە ئۆپۆزیسیۆندا هەوڵیانداوە لە کێشەکانی دیاسپۆرای کورد و رەوشی کوردستان زیاتر نزیک ببنەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی پەرلەمانی سوێددا، پارتی سۆسیال دیموکرات بە جیاوازییەکی کەم کە نزیکەی 55 هەزار دەنگ بوو، دەسەڵاتی لەدەستدا و بووە ئۆپۆزسیۆن، لەم خولەشدا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر دەسەڵات.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news