دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی (موەفەق سەڵتی) لە ئوردن، ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکی زیانیان بەرکەوتووە؛ ئەوەش پێچەوانەی لێدوانەکەی رۆژی پێنجشەممەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە کە پێداگریی لەسەر ئەوە کردبوو هیچ زیانێک بەر بنکەکە نەکەوتووە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی کردووە، لەو هێرشەدا باڵێکی فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (A-10 Thunderbolt II) بە تەواوی پەڕیوە و تێکشکاوە، هەروەها نزیکەی هەشت فڕۆکەی جەنگیی دیکە لە جۆری (ئێف 15) بە سووکی زیانیان بەرکەوتووە و دوای چاککردنەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ خزمەت.
ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی هاوپەیمانان لە ئوردن دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی ئەمریکا پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری خاوی ئێرانیان تێکشکاند، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە سەرەتای هەفتەی رابردوو.
مەترسیی تەواوبوونی مووشەکەکانی پاتریۆت ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەدا ناچار بوون نزیکەی 30 مووشەکی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت بتەقێنن. ئەم دۆخەش نیگەرانییە گەورەکانی واشنتنی لەبارەی کەمبوونەوەی کۆگەی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی چڕتر کردووەتەوە.
لە کاتێکدا ژمارەی دروستی مووشەکە بەرگرییەکانی ئەمریکا بە نهێنی دەهێڵدرێتەوە، بەڵام ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی خەمڵاندوویەتی کە لە نێوان مانگەکانی شوبات تاوەکو تەممووز، ئەمریکا نزیکەی 65%ـی مووشەکەکانی بەرگریی پاتریۆتی بەکارهێناوە، بە جۆرێک کەمتر لە 850 مووشەکی لە کۆگەکاندا ماوەتەوە، لە کاتێکدا پێش دەستپێکردنی شەڕی ئێران ژمارەیان 2330 مووشەک بووە.
زیانە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەم زیانە نوێیانە لە کاتێکدان کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان واشنتن و تاران لە مانگی شوباتەوە، لانیکەم 18 سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە 800 سەربازی دیکەش بریندار بوون. هەروەها بەگوێرەی راپۆرتێکی دەستەی توێژینەوەی کۆنگرێس کە لە مانگی ئایاردا بڵاوکراوەتەوە، 42 فڕۆکە و درۆنی سەربازیی ئەمریکی لەم جەنگەدا تێکشکاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە.
هەنگ کاو، سەرپەرشتیاری وەزارەتی هێزی دەریایی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (ئێپۆک تایمز) ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران "زیانێکی وێرانکەری لە بەحرێن دروستکردووە"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بۆردوومانە چڕانەی تاران کردوویەتییە سەر بارەگای فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە بەحرێن جێگیرە.




