ئەمڕۆ 26ـی ئەیلوولی 2026، حکوومەتی عێراق لەبارەی رێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و ناوچەکە هاتە دەنگ و رایگەیاند، راستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە گفتوگۆدایە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق دەیەوێت هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو رێکارانە بەدەر بکرێن، ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵەکان بۆ ئەوەن رێگە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بدرێت.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەوڵانە، حکوومەتی عێراق جەختیدەکاتەوە مەبەست لێی بابەتی مرۆیی وەک چارەسەری پزیشکی، خوێندن، سەردانی ئایینی و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، عێراق لە هەوڵدایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، حکوومەت هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی قەیرانەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
حکوومەتی عێراق داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پەنا بۆ دیالۆگ و دانوستاندن ببەن، ئەمەش بە ئامانجی گەیشتن بەو چارەسەرانەی کۆتایی بە قەیران و ململانێکان دەهێنن و بەرژەوەندیی گەل و وڵاتانی ناوچەکە دەپارێزن.




