ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، جەختیکردەوە وڵاتانی ئەندام بە یەک دەنگ پشتیوانی لە سعوودیە دەکەن و بە تەواوی پاڵپشتی ئەو رێکارانەن سعوودیە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەییی خاکی خۆی دەیانگرێتە بەر.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، جاسم محەممەد بەدیوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە وەربگرن بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی حووسییەکان، هەروەها بەرپرسیارێتیی کارەکانیان لە ئەستۆ بگرن.
بەدیوی بە توند ئیدانەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی بۆ سەر ریاز و خەمیس موشەیت کرد. ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو ئەو پەرەسەندنەی بە پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەریی سعوودیە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش، سەلامەتیی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرد.
هەڵوێستەکەی بەدیوی دوای ئەوە هات شەوی هەینی لەسەر شەممە، هاوپەیمانیی پشتیوانیکردنی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، دوو درۆنیان لەکاتی ئاراستەکردنیان بەرەو ریاز و دوو مووشەکی بالیستییان لەکاتی ئاراستەکردنیان بەرەو خەمیس موشەیت لەلایەن حووسییەکانەوە تێکشکاندووە.
هەروەها ئەم هەڵوێستە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە توندترین شێوە ئیدانەی بەردەوامیی هێرشەکانی حووسییەکانی بۆ سەر سعوودیە کرد و داوای لەو گرووپە کرد کۆتایی بە پەرەسەندنی سەربازی و ئەو هێرشانە بهێنن کە هاووڵاتییان و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج.
دوێنێ هەینی، ریاز میوانداریی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەرۆک ئەرکانی سوپای وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش کرد، کە پێکهاتوون لە سعوودیە، پاکستان و تورکیا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردە سەربازییەکان بارودۆخی ئاسایش و ئەو هەڕەشانەیان تاوتوێ کرد سعوودیە بەخۆوە بینیونی.
بەشداربووان بە توند پابەندبوونی خۆیان بۆ بەرگریی هاوبەش دووپاتکردەوە و ئەمەش جەختکردنەوەیە لەسەر سووربوونی ئەو سێ وڵاتە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەییی خاکی سعوودیە.
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە جەختی لە سووربوونی هاوبەش کردووەتەوە بۆ دەستپێکردنی خێرای جێبەجێکردنی پابەندییەکانی نێو رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش لە پێناو گەیشتن بە هاریکارییەکی سەربازیی کاریگەر.




