Skip to content
krd24.netkrd24.net

کۆنفرانسی سەدساڵەی 'زاری کرمانجی' بەڕێوەچوو

کۆنفرانسی سەدساڵەی 'زاری کرمانجی' بەڕێوەچوو
رۆشنبیری
کوردستان

بە پاڵپشتیی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چالاکییەکانی کۆنفرانسی "سەد ساڵەی گۆڤاری زاری کرمانجی و رۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی رۆژنامەگەریی کوردیدا"بەڕێوەچوو و بە پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئەو مێژوونووس و ڕۆژنامەنووسە، کۆتایی بە کارەکانی هات.

کۆنفرانسەکە لە چیای کۆڕەک بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، بەرپرسانی حکوومی، ئەکادیمیستان و رۆشنبیران دەستیپێکرد. لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی زانکۆی سۆران سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی لە بزاڤی زانستی و کولتووری، جەختیشی لە گرنگیی بەرزڕاگرتنی یادی دەرچوونی گۆڤاری "زاری کرمانجی"کردەوە. لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکەدا وتاری ئیدارەی سۆران، قایمقامیەتی رواندز و وتاری بنەماڵەی موکریانی لەلایەن د. کوردستان موکریانی پێشکەش کران، هاوکات پانۆراما و دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی موکریانی نمایش کران.

کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆی سۆران رێکخرابوو و بۆ ماوەی دوو رۆژ بە بەشداریی 28 توێژەر بەردەوام بوو. لە چوارچێوەی حەوت پانێڵی زانستیدا، لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی خرایەڕوو، دواتریش بە خوێندنەوەی ڕاسپاردەکان و دابەشکردنی بڕوانامەی ڕێزلێنان کۆتایی بە کارەکانی هێندرا.

لە درێژەی چالاکییەکاندا و ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، لە کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سۆران، پەردە لەسەر پەیکەری حوسێن حوزنی موکریانی لادرا کە وەک دەستپێشخەرییەکی هونەری لەلایەن مامۆستا خەلیل ڕەحیم‌پوور دروستکرابوو و پێشکەش بە زانکۆ کرابوو؛ سەرۆکی زانکۆی سۆرانیش سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئەو هونەرمەندە کرد بۆ خزمەتکردن بە رەمزە مێژوویی و نەتەوەییەکانی کورد.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news