Skip to content
krd24.netkrd24.net

سوپای پاسداران: مەرجەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا تووندتر کردوون

سوپای پاسداران: مەرجەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا تووندتر کردوون

دیجیتاڵ

حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، دوای شکستهێنانی لێکتێگەیشتنەکەی مانگی حوزەیران لەنێوان تاران و واشنتن، ئێران مەرجەکانی خۆی بۆ راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا تووندتر کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە واشنتن "هیچ بژاردەیەکی نییە"جگە لەوەی بە مەرجەکانی تاران رازی بێت. رۆژی سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، موحیبی لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە دۆخی جەنگی حەوت مانگەی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەوان رێککەوتننامەکەیان پێشێل کرد و هەنگاوێکی دیکەی دووژمنکارانەیان نا، بۆیە ئێمەش مەرجەکانمان تووندتر کردووە. ئێمە یاری دەستی ئەوان نین تاوەکو هەر کاتێک ئارەزوویان لێ بێت، بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو رێککەوتننامەیە پێشێل بکەن کە پێشتر واژۆیان کردووە."

لە مانگی حوزەیراندا ئێران و ئەمریکا لەسەر لێکتێگەیشتنێک رێککەوتن کە هەڵگرتنی سزاکانی نەوتی سەر ئێران، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی تاران لە دەرەوە و راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان (لەوانەش لوبنان)ی لەخۆدەگرت، بەڵام دواتر هەردوولا یەکدییان بە پێشێلکردنی بەندەکان تۆمەتبار کرد و رێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە.

ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر یەمەن

 

گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد کە تاران مەرجی نوێی خستووەتە روو، لەوانە وەرگرتنەوەی تەواوی 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە دەرەوە بە یەکجار و پێش دەستپێکردنی هەر دانوستاندنێک. 

موحیبی گوتی: "بابەتی یەمەن لە کارنامەی رێککەوتننامەکەی پێشوودا نەبوو، بەڵام لەم قۆناخەدا داوا دەکەین دەبێت هەڵگرتنی گەمارۆی سەر دەروازە و فڕۆکەخانەکانی یەمەن [لەلایەن هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە] بخرێتە نێو هەر رێککەوتنێکەوە."

ئەم داواکارییە دوای ئەوە دێت کە بەم دواییە حووسییەکان دەستیان بەسەر تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەبدا گرت و گەمارۆی دەریاییان بەسەر بەندەرەکانی سعوودیەدا راگەیاند.

"بۆ 20 ساڵی داهاتوو هیچ بەدیلێک بۆ تەنگەی هورمز نییە" سەبارەت بە هەوڵەکانی وڵاتانی کەنداو بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوە لە دەرەوەی تەنگەی هورمز، گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی: "بۆ ماوەی لانیکەم 20 ساڵی داهاتوو، هیچ جێگرەوەیەک بۆ تەنگەی کەنداوی فارس [تەنگەی هورمز] نادۆزرێتەوە. بابەتەکە تەنیا نەوت نییە، بەڵکو تەنگەکە رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی چەندین بەرهەمی گرنگی دیکەی جیهانە لەوانەش پەینی کیمیایی."

پەیام بۆ پێنتاگۆن و رەتکردنەوەی پەیوەندییە نهێنییەکان

 

لەبارەی سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر هێڵە ئاسمانییەکان و بانکەکانی ئێران، موحیبی گوتی ئەمریکا ناتوانێت لە رێگەی گەمارۆی ئابوورییەوە ئامانجەکانی بپێکێت و تاران وەڵامی دەبێت. 

موحیبی هۆشداریی دایە واشنتن لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران و گوتی: "ئەمجارەیان تەنیا وەڵامدانەوەمان نابێت، بەڵکو پێگەیەکی هێرشبەرانە دەگرینەبەر. ئەمریکا لە هەڵسوکەوتەکانی پەشیمان دەبێتەوە و تووشی شەرمەزاری و شکستێکی گەورەتر دەبێت کە پێشتر وێنەی نەبووبێت."

گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی ئەمریکا هەوڵیان داوە کەناڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران دروست بکەن، بەڵام تاران هەوڵەکانی رەتکردووەتەوە و گوتیشی: "ئەمریکییەکان هەوڵیان دا پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام ئێمە هەر جۆرە پەیوەندییەکی لەو شێوەیە رەت دەکەینەوە. مامەڵەی ئێمە لەگەڵ دووژمن تەنیا لە رێگەی زمان و هێزی چەکەوە دەبێت و دۆسیەی دیپلۆماسیش بە دەست وەزارەتی دەرەوەیە."

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news