ئیمارات و ئەڵمانیا، پاکێجێکی گەورەی وەبەرهێنانی ئیماراتییان بە بڕی 40 ملیار یۆرۆ لە ئەڵمانیا راگەیاند، هاوکات لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە توندی هێرشەکانی تاران و داخستنی گەرووی هورمزیان لە لایەن ئێرانەوە سەرکۆنە کرد.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوان ئیمارات و ئەڵمانیا شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات لەسەر بانگهێشتی فڕانک ڤاڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی فیدراڵی ئەڵمانیا لە 9 بۆ 11ـی ئەیلوولی 2026 سەردانی ئەڵمانیای کرد و لەگەڵ فریدریش مێرز راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە، تێیدا دەستپێکردنی "دیالۆگی ستراتیژی"یان بۆ بووژاندنەوەی هاوبەشیی هەمەلایەنەی نێوانیان راگەیاند.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکدا هاتووە، لە کەرتی ئابووریدا، سەرکردەکانی هەردوو وڵات پێشوازییان لە پاکێجێکی وەبەرهێنانی ئیمارات بە بڕی 40 ملیار یۆرۆ لە ئەڵمانیا کرد کە بوارەکانی ژێرخانی دیجیتاڵی، بنیاتنانی سەنتەری داتای نوێ بە توانای نزیکەی یەک گێگاوات و بەرزکردنەوەی توانای پیشەسازی لەخۆ دەگرێت.
هاوکات واژۆکردنی 29 رێککەوتننامە لە نێوان کۆمپانیاکانی هەردوو وڵات بە بەهای زیاتر لە 9.356 ملیار یۆرۆ، دامەزراندنی "ئەنجوومەنی وەبەرهێنانی ئەڵمانی-ئیماراتی"، و بەردەوامیی گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نانەوتی کە لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 15.5 ملیار دۆلار، راگەیەندرا. هەروەها رێککەوتن لەسەر زیادکردنی پێنجەمین فڕۆکەخانە لە ئەڵمانیا بۆ گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی ئیمارات و کاراکردنی سیستەمی (EasyPASS) بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییانی ئیمارات لە فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیادا پەسەند کرا.
لە بەشی سیاسی و ئەمنیی راگەیەندراوەکەدا، هەردوو سەرکردە بە توندترین شێواز هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر ئیمارات و وڵاتانی ناوچەکە و ژێرخانی مەدەنی شەرمەزار کرد. هەروەها داخستنی دیفاکتۆی گەرووی هورمز و هەڕەشە و هێرشەکانی تارانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئیدانە کرد، و بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایش داوایان لە ئێران کرد دەستبەجێ لە هەر هەنگاوێک بۆ ئاستەنگکردنی مافی تێپەڕبوونی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز پاشەکشە بکات.
هەردوولا دووپاتیشیان کردەوە پێویستە ڕێگری لە ئێران بکرێت لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و بەرپەرچی هەڕەشەی مووشەکی، درۆن و گرووپە بریکارەکانی تاران لە ناوچەکەدا بدرێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی فەلەستین، جەخت لە چارەسەری دوو دەوڵەت لەسەر سنوورەکانی 4ی حوزەیرانی 1967 بە پایتەختبوونی قودسی ڕۆژهەڵات کرایەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی پلانی گشتگیری کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بەپێی بڕیاری 2803ی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ چەککردنی حەماس، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەژێر چاودێریی دەسەڵاتداریەتیی فەلەستینی، و رەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی یان کۆچپێکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییانی مەدەنی.
لە تەوەرەکانی دیکەی راگەیەندراوەکەدا: جەخت لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاگربەست لە دەریای ڕەش بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە کرایەوە، هاوکات ئەڵمانیا سوپاسی ئیماراتی کرد بۆ نێوەندگیری لە ئاڵوگۆڕکردنی 7,997 دیلی جەنگی لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا.
هەروەها سەرکۆنەی هێرش دژ بە هاووڵاتییان کرا و داوا لە سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا کرا شەڕ بوەستێنن و گەمارۆی تەواوی چەک بەسەر سەرانسەری سووداندا بسەپێنرێت؛ هاوکات هەردوو وڵات پشتیوانی لە سەروەریی لوبنان، رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، جێبەجێکردنی بڕیاری 1701، هەروەها پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پابەندبوون بە رێککەوتننامەی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 دووپات کردەوە.




