دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، دووپاتیکردەوە خەڵاتی باڵۆندۆر دەدرێتە ئەو یاریزانەی "زۆرترین سەرنجی لەسەر بووە".
کیلیان بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ، ئەگەرچی وەرزەکەی لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، بەبێ نازناو کۆتایی پێهێناوە.
کیلیان لە بەرامبەر گۆڵکاری لالیگا، چامپیۆنزلیگ، مۆندیالی 2026 و گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالیش بووە لە ساڵەکەدا.
ئەو یاریزانە کە تاوەکو ئێستا خەڵاتەکەی بەدەستنەهێناوە، لە نوێترین چاوپێکەوتندا دەڵێ، "لە پێدانی خەڵاتەکەدا، ناوی تیپی براوە راناگەیێنن، بەڵکو ناوی ئەو یاریزانە رادەگەیێنن کە باشترین توانا و ئاستی تاکەکەسیی هەبووە و زۆرترین سەرنجی لەسەربووە، هەر ئەوەش وایکردووە خەڵاتەکە بەلای هەمووانەوە گرنگ و سەرنجڕاکێش بێت".
ئێمباپێ دەڵێ، من گۆڵکاری گەورەترین پاڵەوانێتی بووم، پێموایە ئەوە وادەکات من ساڵێکی زۆر باشم هەبووبێت، هەستم بەو شێوەیەیە.
ئێمباپێ وەرزەکەی لالیگای بە 25 گۆڵ و چامپیۆنزلیگی بە 15 گۆڵ تەواوکرد. هاوینی ئەمساڵ بووە گۆڵکاری مۆندیال بە 10 گۆڵ و گۆڵکاری مێژووی مۆندیالیشە بە 22 گۆڵ.
کیلیان لەگەڵ عوسمان دێمبێلێی هاوتیپی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا و براوەی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو، هەروەها لیۆنێل مێسی کە پێشەوایەتی ئەرجەنتینی کرد بۆ پلەی دووەمی جیهان لە مۆندیال و ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیای براوەی مۆندیال، لە نێویاندا لامین یامال و رۆدری، لە ململانێدایە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
لە نێو کۆی دەنگدارەنی خەڵاتەکەدا کە ژمارەیان 100 رۆژنامەنووسی ئەو وڵاتانەن کە هەڵبژاردەکانیان لە 100 پلەی یەکەمی فیفان، 20 نوێنەری ئەفریقا لە دەنگدانەکەدا هەیە، هەر ئەوەش وایکردووە کیلیان بەگەشبینییەوە باسی بردنەوەی خەڵاتەکە بکات، چونکە ئەو پێشبینی دەکات، نوێنەرانی ئەفریقیا دەنگ بدەنە ئەو، بەتایبەت کە ئەو بنەچەی ئەفریقییە، باوکی کامیرۆنی و دایکی جەزائیرییە.
کیلیان لەبارەی ئەفریقاوە دەڵێ، هەرجارێک چووبمە ئەفریقیا، لە هەر وڵاتێک بووبم، هەستم بەخۆشەویستیی خەڵک کردووە، هەموو کات بەوە دڵخۆشم کە خەڵکی کیشوەرەکە بەباشی باسم دەکەن و ناوی من بەبردنەوەی خەڵاتەکەوە دەبەستنەوە.
بڕیارە رۆژی 26ی مانگی داهاتوو، لە ئاهەنگێکدا لە لەندەن، گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، براوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ رابگەیەنێت.




