Skip to content
krd24.netkrd24.net

یاریگای هەولێر بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش نۆژەندەکرێتەوە

یاریگای هەولێر بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش نۆژەندەکرێتەوە

دیجیتاڵ

یاریگای فرانسۆ هەریری، بەشێوەیەکی سەردەمیانە نۆژەندەکرێتەوە و بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی کەنداو بەتەواوی ئامادەدەبێت. بەپێی زانیارییەکانی سپۆرتس، ئەمڕۆ دەست بە هەڵگرتنی کورسییەکانی یاریگای فرانسۆ هەریری دەکرێت و گۆڕانکارییەکی گەورە لە یاریگاکەدا دەکرێت، بە جۆرێک رەنگی کورسییەکانی هاندەران لە زەرد و رەشەوە دەکرێتە مۆر و سپی و 18 هەزار کورسیی نوێ بۆ یاریگاکە دادەنرێت.

کورسییەکانی یاریگای یانەی هەولێر، لەلایەن کۆمپانیایەک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای هێندرێکسی هۆڵەندی کە چیمەنی یاریگاکەی داناوە دروستدەکرێن و بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کراوە پێویستە بۆ 20-10 یاریگاکە بەتەواوی ئامادەبێت.

جگە لە شوێنی هاندەران، شوێنی ڤی ئای پیی یاریگای هەولێر گۆڕانکاریی تێدادەکرێت و بەشێوەیەکی سێ نهۆمی نۆژەندەکرێتەوە، لە دوای وەستانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشە دەستیانپێکردووە.

هەروەها شوێنێکی تایبەت بۆ رۆژنامەڤان و میدیاکاران ئامادەدەکرێت، کە لە ماوەی رابردوودا گلەیی و رەخنەی زۆر لەبارەی نەبوونی شوێنێکی گونجاوەوە بۆ راگەیاندنکاران هەبووە.

هەر بەپێی بەدواداچوونی سپۆرتس، تارتانی یاریگای فرانسۆ هەریری، کە ئێستا رەنگی رەشە گۆڕانکاریی تێدادەکرێت و دەبێتە رەنگی سوور، شوێنی دانیشتنی یاریزانانی یەدەگ لە یاریگاکە بەتەواوی گۆڕانکاریی تێدادەکرێت و ژوورەکانی جلگۆڕینیش بەهەمان شێوە گۆڕانکارییەکی زۆریان تێدادەکرێت و بەشێوەیەکی گشتی تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بە 250 هەزار دۆلار دەخەملێنرێت.

یانەی هەولێر لەم وەرزەدا جگە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەشداری لە جامی کەنداو، جامی سوپەری عێراق و جامی عێراقدا دەکات، لە ماوەی رابردوودا شێوازی ئامادەبوونی هاندەران و خراپیی شوێنی کەسایەتییەکان ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە، بۆیە بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە دراوە و کارەکانی دەستپێدەکەن.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news