Skip to content
krd24.netkrd24.net

فەرمانبەرانی ئاسایشی تورکیا مانیان گرت

فەرمانبەرانی ئاسایشی تورکیا مانیان گرت

دیجیتاڵ

سەندیکای فەرمانبەرانی دەزگای ئاسایشی تورکیا (Emniyet-Sen)، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر زۆربوونیەکانی خۆکوشتنی کارمەندان و سەختیی دۆخی کارکردن، مانگرتنی سەرتاسەریی راگەیاند؛ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیاش دەڵێت، ئەوانەی مانیان گرتووە فەرمانبەری مەدەنین نەک پۆلیس.

سەندیکاکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026ـەوە لە سەرانسەری تورکیادا دەست بە مانگرتن دەکەن و دەڵێت: "ئیدی کاتی ئەوە تێپەڕیوە تەنیا کێشەکان ریز بکەین، بەڵکو کاتی ئەوەیە پێکەوە دەنگمان هەڵبڕین؛ چونکە بارودۆخی سەختی کارکردن، گوشاری دەروونی لە شوێنی کار، کێشەی دارایی و کەمبوونەوەی داهات لە کاتی خانەنشینیدا ژیانی کارمەندانی شێواندووە."

بەپێی ئامارەکانی سەندیکاکە، تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، 7 کارمەندی دەزگاکە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و دوو کارمەندی دیکەش لە بورسا و ئیستەنبووڵ لە هەوڵی خۆکوشتن دا رزگارکراون و لەژێر چاودێریی پزیشکی دان، هاوکات کارمەندێکی خانەنشینکراویش لەبەردەم باڵەخانەی دادگەی دەستووری خۆی کوشتووە.

لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا (EGM) لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس هەواڵی مانگرتنی هێزەکانی پۆلیسی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو سەندیکایەی بڕیاری مانگرتنی داوە، ئەندامەکانی تەنیا فەرمانبەرانی مەدەنیی دەزگاکەن نەک هێزەکانی پۆلیس، بۆیە بانگەشەی مانگرتنی پۆلیس دوورە لە راستییەوە."

سەندیکای فەرمانبەرانی دەزگای ئاسایش لە ساڵی 2002ـەوە بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەرانی مەدەنیی کەرتی ئاسایش دامەزراوە و خاوەنی 4 هەزار و 196 ئەندامە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆی گشتیی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی تورکیا زیاتر لە 352 هەزار کەسن.

 

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news