Skip to content
krd24.netkrd24.net

سێنتکۆم: ئاڕاستەی 105 کەشتییمان لە تەنگەی هورمز گۆڕیوە

سێنتکۆم: ئاڕاستەی 105 کەشتییمان لە تەنگەی هورمز گۆڕیوە

دیجیتاڵ 

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، بۆ جێبەجیکردنی گەمارۆکەیان لەسەر بەندەرەکانی ئێران، ئاڕاستەی 105 کەشتییان لە تەنگەی هورمز گۆڕیوە و بەردەوام دەبن لە سەپاندنی گەمارۆکە. 

رۆژی 18ی ئەیلوولی 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، تاوەکو ئەمڕۆ "ئاراستەی 105 کەشتیمان لە تەنگەی هورمز گۆڕیوە و لە سەپاندنی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبین". 

بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، گەمارۆکە لە رێگەی کەشتی یو ئێس ئێس بۆکسەر و ئەو هێزەوە جێبەجێ دەکرێ کە لەسەری ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن. 

لە 14ی تەممووزەوە، ئەمریکا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووەتەوە.

رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست. 

رۆژی دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار. 

بەرپرسانی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز بە پێش مەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکەیان بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دادەنێن. ئێرانیش هەڵگرتنی گەمارۆکە بە مەرجی کردنەوەی تەنگەکە دادەنێت. 

ئەمەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندایە. بەرپرسانی ئێرانیش لە وەڵامدا گوتویانە، تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵی وڵاتەکەیاندایە. 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news