Skip to content
krd24.netkrd24.net

پەرلەمانتارێکی عێراق بە حەوت ساڵ زیندانی سزا درا

پەرلەمانتارێکی عێراق بە حەوت ساڵ زیندانی سزا درا

  دیجیتاڵ

دادگەی تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پەرلەمانتار بەها نووریدا سەپاند و بڕیاری دا بە گەڕاندنەوە و پێبژاردنی زیاتر لە 40 ملیار دینار لە داهاتە نایاساییەکانی. دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (16ـی ئەیلوولی 2026)، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ بەندکردنی بۆ بەهادین نوور محەممەد حوسێن، ناسراو بە (بەها نووری)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەرکرد، بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی سامانێکی زۆری کۆکردووەتەوە کە لەگەڵ داهاتە فەرمییەکانیدا یەکناگرێتەوە.

قەبارەی پارە و سامانەکە چەندە؟

بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستپاکی، قەبارەی ئەو زیادبوونە نایاساییەی لە سامانی ئەو پەرلەمانتارەدا دەرکەوتووە 5 ملیار و 887 ملیۆن و 850 هەزار دینار و  10 ملیۆن و 990 هەزار و 787 دۆلار بووە.

دادگە بڕیاری داوە تەواوی ئەو پارەیە بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، لەگەڵ پێبژاردنی (غەرامەکردنی) بە هەمان بڕ، بەمەش کۆی ئەو پارەیەی دەبێت بیداتەوە لە 40 ملیار دینار تێپەڕ دەبێت.

هەروەها دادگە بەهۆی شاردنەوەی زانیارییەکانی لە فۆرمی ئەستۆپاکیدا سزای سێ ساڵ بەندیی بۆ دەرکردووە، بەڵام بەپێی یاسا تەنیا حوکمە تووندەکەی (حەوت ساڵەکە) جێبەجێ دەکرێت، هاوکات بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی بەردەوام دەبێت.

بەها نووری یەکێکە لەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی کە بەرەبەیانیی 28ـی حوزەیران لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان"بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران و دواتر لە 27ـی ئابدا فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان دەرچوو.

ئەو بەرپرسانەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەیان بۆ دەرچووە بریتین لە: ئیبراهیم محەممەد عەباس، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق عالیە نسەیف جاسم، پەرلەمانتار موسەننا عەبدولسەمەد سامەرائی، پەرلەمانتار ئەشواق سالم جبووری، پەرلەمانتار بەها نووری محەممەد، پەرلەمانتار هیند محەممەد ساڵح عەباسی، پەرلەمانتار موزر مەعن ساڵح، پەرلەمانتار زیاد تاریق جەنابی، پەرلەمانتار عەبدولڕەحمان حەسەن خالید، پەرلەمانتار محەممەد فەرمان جبووری، پەرلەمانتار بوشرا رەجەب قەیسی، پەرلەمانتاری پێشوو محەممەد سەعدوون سوودانی، پەرلەمانتاری پێشوو

لە نووسراوێکدا، دەستەی دەستپاکی داوای لە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگەکانی تاپۆ، باج و هاتووچۆ کردووە دەست بەسەر تەواوی موڵکەکانیاندا بگرن؛ هاوکات بانکی ناوەندیی عێراقیش لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم بانکەکان، فەرمانی بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکان و پشکەکانی ئەو کەسانەی دەرکردووە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news