دیجیتاڵ
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهانی ئێران دەڵێت، گەشتەکانی ئەو هێڵە ئاسمانییە لە تارانەوە بۆ ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و مەسقەت و پێچەوانەکانیان، بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەسێدراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-09-2026، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هەڵپەساردنی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانیی لە تارانەوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و پێچەوانەکەی تاوەکو کاتێکی نادیار راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوەکەی ماهان، لە رۆژی پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و مەسقەتی پایتەختی عومان رادەگیرێن.
کۆمپانیای ماهان بەبێ ئاماژەدان بە هۆکاری هەڵپەساردنی گەشتەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارەکە لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عومانەوە دراوە.
هاوکات لە راگەیێندراوێکی جیادا، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئاماژەی بە گەشتەکانی نێوان تاران-ئەنقەرە و تاران-ئیستنەبووڵ کردووە و دەڵێت، هەر لەسەر بڕیاری هێڵی ئاسمانیی تورکیا، ئەو گەشتانە لە 21ـی ئەیلوولەوە تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵدەپەسێندرێن.
تاوەکو ئێستا زانیاریی زیاتر سەبارەت بە هەڵپەساردنی گەشتەکان نەخراوەتەڕوو، بەڵام پێشتریش راگەیێندرابوو کە گەشتەکانی تاران بۆ جۆرجیا لە رۆژی 21ی ئەیلوولەوە بۆ کاتێکی نادیار رادەگیرێن.
رۆژی 8ی ئەیلوول وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی تووندکردنی سزاکانی سەر تاران، سەرجەم ئەو هێڵە ئاسمانییانەی دیکەی ئێرانی کە تاوەکو ئێستا سزایان بەسەردا نەسەپێندرابوو، خراونەتە نێو لیستی سزاکانەوە کە 27 کۆمپانیان.
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان یەکێکە لە گەورەترین هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە کەرتی تایبەت و ساڵی 1991 دامەزراوە.
ئەم کۆمپانیایە لە رووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە کێشەی زۆری هەیە. لە ساڵی 2011ـوە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراوەتە لیستی سزاکانەوە.




