Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئایفۆن 18 گەیشتە هەرێمی کوردستان؛ نرخەکان ئاشکرا کران

ئایفۆن 18 گەیشتە هەرێمی کوردستان؛ نرخەکان ئاشکرا کران

دیجیتاڵ

دوای ماوەیەک لە چاوەڕوانی، بەرهەمە نوێیەکانی کۆمپانیای ئەپڵ، ئایفۆن 18، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە رۆژی یەکشەممەوە لە رێگەی کۆمپانیای ئای زۆن لە هەولێر، دەگاتە دەستی کڕیاران.

شاهۆ شەریف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئای زۆن، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 17-09-2026، نزیکەی 7 هەزار و 563 کەس بۆ وەرگرتنی ئایفۆن 18 پێشوەختە ناویان تۆمارکردووە و لە رۆژی یەکشەممەوە دەتوانن سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنی مۆبایلەکانیان."

بە گوتەی شاهۆ شەریف، نرخی ئایفۆن 18 پڕۆ لە هەزار و 389 دۆلار و ئایفۆن 18 پڕۆ ماکس لە هەزار و 489 دۆلارەوە دەستپێدەکات. هەروەها نرخی ئایفۆنە نوێیە چەماوەکە 2 هەزار و 799 دۆلارە.

جیا لەوانەی پێشوەختە ناویان تۆمارکردووە، بەشێک لە خوازیارانی ئایفۆن داواکاریی تایبەتیان پێشکێش کردبوو بۆ ئەوەی مۆبایلەکە زووتر وەربگرن. هەر ئەمڕۆ هەینی، چەند کەسێک بە نرخی هەزار و 750 دۆلار مۆبایلەکانیان وەرگرت.

ناتالیا سەنگەر و دایکی، کە ئینفلوێنەرن و ساڵانە لە یەکەمین کڕیارەکانن، ئەمساڵیش یەکەم کەس بوون سەردانی کۆمپانیای ئای زۆنیان کرد. ناتالیا بەی گوت: "ئێمە پێشوەختە ناومان تۆمارکردبوو، حەزمان لێیە یەکەم کەس بین ئایفۆن 18 تاقیبکەینەوە."

رێژین عەبدولستار، یەکێکی دیکە لە کڕیارەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ کارەکەی پێویستی بە مۆبایلێکی باش هەیە و گوتی، "ئەمساڵ ئایفۆن 18 کامێرا و پاترییەکەی زۆر باشتر کراوە."

کڕیارێکی دیکە بە ناوی شەماڵ جەبار باسی لە تایبەتمەندییەکی کۆمپانیاکە کرد و گوتی: "پێویستە دوو ساڵ جارێک مۆبایلەکەت بگۆڕیت، کۆمپانیای ئای زۆنیش ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە دەتوانیت مۆبایلە کۆنەکەت بهێنیت و لەگەڵ مۆبایلێکی نوێدا بیگۆڕیتەوە."

بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە، 20-09-2026، مۆبایل و بەرهەمەکانی ئایفۆن 18 بە فەرمی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەردەست بن.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news