دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 99٪ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە پرۆسەی هەژماری من تۆمارکراون و لەرێگەی ئامێرەکانی (ATM)ـەوە مووچە وەردەگرن، بۆیە دابەشکردنی مووچە بەشێوازی پێشوو لەرێگەی بانکەکانەوە کۆتایی هات.
رۆژی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی گوتووە: "لە ماوەی رابردوودا مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەرێگەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابەشکراوە؛ ئەم هەنگاوە کارئاسانییەکی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەکانیان دروستکردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو."
لیوا توانا سدیق ئاشکرای کردووە: "نزیکەی تەواوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (زیاتر لە 99٪) لە پرۆسەی هەژماری من تۆمارکراون، لەئێستاشدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ئاسان، لەرێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ـەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات."
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی جەختی لەوە کردوەتەوە، بەهۆی ئەو پێشکەوتنە و بەردەوامبوونی پرۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە لەرێگەی هەژماری منەوە، "لەمەودوا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لەرێگەی بانکەکانەوە بەشێوەی پێشوو کۆتایی دێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان رۆڵێکی گرنگیان لە جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا گێڕاوە. روونیشیکردەوە کە ئەوان "تەنیا لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمییەکانیاندا هاوکار نەبوون، بەڵکو لە کاتەکانی پشووشدا ئەم ئەرکەیان لەپێناو خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا لەئەستۆ گرتووە."




