- تەندروستی
ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی هەولێری پزیشکی گردبوونەوە و ناڕازین لە چەند بڕیارێکی بەغدا لەسەر کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، ''ئەم کێشەیە بە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی نێوان زانکۆی هەولێری پزیشکی و لیژنەی تایبەتمەند لە بەغدا چارەسەر دەکرێت''.
د. کاروان محەممەد دەڵێت: کاتێک ئەو لیژنەیەی بەغدا هاتن بۆ پێداچوونەوە بە بەشەکانی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان، رەزامەندییان لە مانەوەی سێ بەشی کۆلێژەکە دا کە دەبێت دووانیان ناوەکانیان بگۆڕدرێت وەکو بەشەکانی مایکرۆبایۆلۆژیی پزیشکی و کلینیکاڵ بایۆکیمیستری. هەروەها دوو بەشەکەی دیکەش دابخرێن کە بەشەکانی تەندروستیی گشتی و چارەسەری سرووشتیین.
داهاتووی بەشەداخراوەکان چی لێدێت؟ د. کاروان محەممەد روونی دەکاتەوە، داهاتووی ئەوانەی کە ئێستا خوێندکارن یاخود دەرچوون لەو دوو بەشە مافی دامەزراندن و خوێندنی ماستەریان هەیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەکو هەموو بەشەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق مافیان هەیە.
لەکۆتاییدا گوتی: ئێستا کار لەسەر وەرگرتنی رەزامەندیی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ سێ بەشەکەی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان و دواتریش کار لەسەر کردنەوەی دوو بەشە هەڵپەسێردراوەکان دەکەین و رۆژی یەکشەممە 27-9-2026 لیژنەیەکی باڵا لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەکات.
گردبوونەوەی خوێندکارانی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی ئەمڕۆ لە هەولێر لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەشێک لە خوێندکارانی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی گردبوونەوە و داوای ئەوە دەکەن کە رێگری لە بڕیارەکانی بەغدا سەبارەت بە بەشەکانی کۆلێژەکە بکرێت.
هەولێر دزەیی، نوێنەرێکی خۆپێشاندەرەکانە و خوێندکارە لە بەشی چارەسەری سرووشتیی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان بەی گوت: ئەو مەرجەی بەم کۆتاییانە بەغدا دایناوە بۆ کۆلێژەکە لە بەرژەوەندی خوێندکاران و دەرچووانی بەشەکان نییە، چونکە دوو بەشی کۆلێژەکە لە پزیشکییەوە گۆڕدراون بۆ زانست وەکو (مایکرۆبایۆلۆژیی پزیشكی بووە بە زانستی مایکرۆبایۆلۆژی) و (کلینیکەڵ بایۆکیمیتری بووە بە زانستی بایۆکیمیستری)، هەروەها دوو بەشیشی داخراون.




