Skip to content
krd24.netkrd24.net

چاپی یەکەمی رۆمانی To Kill a Mockingbird دۆزرایەوە

چاپی یەکەمی رۆمانی To Kill a Mockingbird دۆزرایەوە

دیجیتاڵ

چاپێکی دەگمەن لە چاپی یەکەمی رۆمانی (To Kill a Mockingbird)، لەنێو ئەو شتانەدا دۆزراوەتەوە کە خەڵک بە کتێبخانەی ئۆکسفام (Oxfam)ـیان بەخشیوە. ئەم رۆمانەی هارپەر لی، کە ساڵی 1960 بڵاوکراوەتەوە، لەناو سندووقێکدا دۆزراوەتەوە کە پڕ بووە لە کتێبی ئەمریکی و بۆ دووکانی کتێبی ئۆکسفام لە پۆرتۆبێلۆ رۆد، لە رۆژئاوای لەندەن، بەخشراوە.

رۆمانەکە بەخشراوە بە کتێبخانەی نیشتمانیی بەریتانیا، بەنیازە بخرێتە ناو کۆمەڵەی نیشتمانیی کتێبخانەکە.

ئۆلیڤیا هەیزمان-وۆڵکەر، بەڕێوەبەری ئەو دووکانەی کتێبەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، ئەو کەسەیە کە ناساندی ئەمە وەشانی یەکەمی ئەمریکیی کتێبەکەیە و بە (BBC)ـی راگەیاندووە: "بۆی هەبوو ئەم کتێبە بەئاسانی بزر ببێت."

هەروەها راشیگەیاندووە: "کتێبی زۆرمان هەبوون کە دەبوو لەناو کتێبە بەخشراوەکاندا پشکنینیان بکەین، بەڵام کاتێک (To Kill A Mockingbird)ـمان بینی، ناسیمانەوە و پێمان وابوو شایانی ئەوەیە بەوردی سەیری بکەین."

هەروەها باسی لەوەش کردووە: "زوو زانیمان کە شتێکی زۆر تایبەتمان بەدەستهێناوە. نیشانەکانی تەمەن و کۆنی بەسەر بەرگی کتێبەکەوە دیار بوون، دیار بوو کەمێک بەکارهاتبوو، بەڵام پەڕەکانی ناوەوەی زۆر باش و جوان مابوونەوە."

"جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە کە بیر لەوە دەکەینەوە، کتێبێکی وەها لە دووکانەکەی ئێمە تێپەڕیوە و دواتر چووەتە ناو کۆمەڵەی نیشتمانیی بەریتانیا 

"بەڕاستی گەشتێکی سەیر بووە، و لە مانگی (Second Hand September)ـدا، یادخەرەوەیەکی خۆشە لەوەی کە چ جۆرە گەنجینەیەکی بەهادار دەتوانێت لەنێو رەفەکان و بەخشینەکانی دووکانەکانماندا شاراوە بێت."

(Second Hand September) کەمپەینێکی ساڵانەی ئۆکسفامە کە خەڵک هاندەدات شتی دووبارەبەکارهاتوو بکڕن.

سەبارەت بەم رۆمانە رۆمانی (To Kill A Mockingbird) کە خاوەنی خەڵاتی (Pulitzer Prize)ـە، چیرۆکی پارێزەر (Atticus Finch) دەگێڕێتەوە کە بەرگری لە (Tom Robinson) دەکات، پیاوێکی رەشپێست کە بەهەڵە تۆمەتبار کراوە بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی سپیپێست.

چیرۆکەکە کە لە ساڵی 1934، لە ئەلابامای ئەمریکا روودەدات، باس لە بێدادپەروەریی رەگەزی و پاکیی منداڵان دەکات.

ئەم رۆمانە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 ملیۆن دانەی لە سەرانسەری جیهاندا لێ فرۆشراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر 40 زمانی دنیا.

هارپەر لی، نووسەری ئەمریکیی کتێبەکە، کە براوەی خەڵاتی نیشانی ئازادیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (Presidential Medal of Freedom) بوو، ساڵی 2016 لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news