دیجیتاڵ
هەریەک لە هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیش ئێرلاینز، پێگاسوس و ئەی جێت، بەهۆی دەستپێکردنی سزا نوێیەکانی ئەمریکاوە، سەرجەم گەشتەکانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەوە راگرت. بەپێی زانیارییەکان، راگرتنی گەشتەکان لانیکەم تاوەکو ئاداری ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت.
لە ماڵپەڕی فەرمیی (تورکیش ئێرلاینز) و کۆمپانیای (ئەی جێت) هیچ گەشتێک بۆ ئێران تاوەکو مانگی ئاداری ساڵی 2027 نییە. هاوکات، هێڵی ئاسمانیی (پێگاسوس) سەرجەم گەشتەکانی ئێرانی لە سیستمی بڕینی بلیتی ئۆنلاینی خۆیدا سڕیوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی گەشتەکان لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەو هێڵە ئاسمانییە تورکییانە نابینرێت.
پێشتر هێڵی ئاسمانیی ماهان ئەیری ئێرانی رایگەیاندبوو، لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی تورکیا، لە رۆژی 21ی ئەیلوولەوە هەموو گەشتەکانی بۆ تورکیا رادەگرێت.
ئەم رێکارە دارایی و ئەمنییانەی تورکیا لە کاتێکدایە کە واشنتن گوشارە ئابووری و سزاکانی بۆ سەر تاران زیاتر کردووە.
لە لایەکی دیکەوە لە 19ی ئەیلوولی 2026، دەستەی رێکخستن و چاودێریی بانکیی تورکیا بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنی لقی ئیستەنبووڵی (بانک میللەت) هەڵوەشاندەوە و هۆکارەکەشی بە "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی سیستمی دارایی"ناوبراوە.




