Skip to content
krd24.netkrd24.net

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور گەڕایەوە سەرووی 101 دۆلار

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور گەڕایەوە سەرووی 101 دۆلار

دیجیتاڵ

لەدوای چەند رۆژ دابەزینی بەردەوام، ئەمڕۆ سێشەمە نرخی نەوت بە بەرزبوونەوە کرایەوە.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 1 دۆلار بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 101 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 87 سەنت بەرزبووەوە و بە 96 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانان چاوەڕوانن بزانن ئایا بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ یەک کۆدەبنەوە و ئەگەری چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ جەنگی ئێران لە ئارادایە، یان گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام دەبن.

مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەم هەفتەیە لە نیویۆرک دەبێت و سەرۆکی ئەمریکا سەرەتای هەفتە رایگەیاند، لاری نییە لەگەڵی کۆببێتەوە.

تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت جووڵەیەکی کاتییە و بەو هۆیەوە روویداوە ئەو بازرگانانەی کە قازانجیان لە فرۆشتنی نەوت کردووە، مامەڵەکانیان داخستووە، ئەگەرنا هیچ گۆڕانکارییەکانی بنەمایی لە بازاڕی نەوتدا رووینەداوە."

واتێرێر دەڵێت، "بە ئەگەری زۆرەوە نرخەکانی نەوت لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەیان پێوەدەکرێت تا ئەو کاتەی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سەردێڕی هەواڵەکانی پەیوەست بە ئێران روودەدات. یان رێگەیەکی دیپلۆماسی دەگیردرێتە بەر یان جەنگەکە زیاتر تووند دەبێت."

ئەوەی بۆ بازاڕی نەوت گرنگە، دۆخی هەناردەی نەوتی سعودیەیە کە بەپێی کۆمپانیاکانی چاودێریی جووڵەی دەریایی، سەرەڕای داخرانی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژاوا، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە بەردەوامە.

بەپێی داتاکانی کەشتیوانی، سعودیە رۆژی یەکشەممە لەڕێگەی 7 کەشتیی گەورەی نەوتەوە 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە کەنداو بارکردووە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news