انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

کرێملن: ئەگەری هەیە بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ئەمریکا، رووسیا و ئۆکراینا بەڕێوەبچێت

کرێملن: ئەگەری هەیە بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ئەمریکا، رووسیا و ئۆکراینا بەڕێوەبچێت
سیاسی
جیهان

کۆشکی کرێملن ئاشکرای کرد, ئەگەری هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووسیا و ئۆکراینادا ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ؛ هاوکات ئیمارات وەک یەکێک لە شوێنە پێشنیازکراوەکان بۆ میوانداریکردنی ئەو دیدارە تەکنیکییە ناودەبرێت.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، کیریل دمیتریێڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی رووسیا، ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و زنجیرەیەک گفتوگۆی لەگەڵ دانوستانکارانی ئەمریکیدا ئەنجام داوە کە سەرنجی خستووەتە سەر ئاسۆی هاوکارییە ئابوورییەکان. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی وادە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە لەبەردەستدا نییە.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، نێردەکەی رووسیا رۆژی 24ـی ئەیلوول لەگەڵ هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نوێنەرانی ئەمریکی کۆبووەتەوە.

پێشتریش ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەم کۆبوونەوەیە کردبوو و رایگەیاندبوو، دیدارەکە لەسەر "ئاستی تەکنیکی"دەبێت و ئەگەری زۆرە لە وڵاتی ئیمارات ساز بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، گوتەبێژی کرێملن ئاماژەی بە دۆخی دەریای رەش کرد و رایگەیاند، تورکیا کۆمەڵێک پێشنیازی سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لەو دەریایە رادەستی مۆسکۆ کردووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، ئێستا هیچ دانوستانێکی بنەڕەتی و کردەیی لەو بارەیەوە لە ئارادا نییە.

لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد، هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، هیندستان، میسر و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدارن لە گفتوگۆیەکی فرەلایەن بۆ دۆزینەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە؛ هەوڵێک کە لە کاتێکدا دەدرێت گرژییەکان لەو دەریایەدا بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هەردوو سوپای رووسیا و ئۆکراینا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان چڕ کردووەتەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة