ئۆتاوا و برۆکسل لە دانوستاندنی چڕدان بۆ پێدانی پێگەی نوێی "ئەندامی هاوبەش"لە یەکێتیی ئەوروپا بە کەنەدا لە هەنگاوێکی بێپێشینەی مێژووییدا، هاوکات هەردوولا تاوتوێی بەشداریکردنی خوێندکارانی کەنەدا لە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندنی ئێراسمۆس پڵەس و پڕۆژەی زانستیی ئاسۆی ئەوروپا دەکەن.
چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە فەرمی پێشنیازی بۆ کەنەدا کردووە تاوەکو ببێتە یەکەم دەوڵەت کە پێگەی ناوازەی ئەندامی هاوبەش لە یەکێتیی ئەوروپادا وەربگرێت، ئەمەش رێککەوتنێکی تایبەتە کە دەرفەتی بەشداریکردن لە پرۆگرام و هاوبەشییە ستراتیژییەکان دەڕەخسێنێت بەبێ ئەوەی کەنەدا ببێتە ئەندامی تەواو، بەو پێیەی لە رووی جوگرافییەوە وڵاتێکی ئەوروپی نییە.
پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و یەکێتیی ئەوروپا بە درێژایی مێژوو هێندەی ئێستا لەیەکتر نزیک نەبوونەتەوە، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ کیشوەری ئەوروپا، وەک هەنگاوێکی وەڵامدانەوە بەرامبەر بە سیاسەتە توندە بازرگانییەکان و دۆخی شڵەژاوی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ.
لە چوارچێوەی ئەم دانوستاندنانەدا، هەردوولا کار لەسەر بەشداریکردنی فەرمیی کەنەدا لە پڕۆگرامی بەناوبانگی ئێراسمۆس پڵەس دەکەن، کە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئەوروپا دادەنرێت لە بواری گۆڕینەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ بۆ خوێندن و راهێنان لە دەرەوەی وڵات.
لە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا، کەنەدا دەبێتە یەکەمین دەوڵەت لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا کە بچێتە نێو ئەم تۆڕە ئەکادیمییە هاوشانی شەش وڵاتی دیکەی نائەندام لە یەکێتییەکەدا لەوانە نەرویج، تورکیا، ئایسلەندا، سربیا، لیختنشتاین و مەکەدۆنیای باکوور، تاوەکو خوێندکارانی هەردوولا بتوانن لە زانکۆکانی یەکتردا بخوێنن.
خاڤیێر مۆرینۆ سانچێز، سەرۆکی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری کەنەدا رایگەیاند، کەنەدییەکان ئارەزوویەکی زۆریان هەیە بۆ چوونە نێو پرۆگرامی ئێراسمۆس و ئامادەن خەرجییە داراییەکانی لە ئەستۆ بگرن، و کەنەدییەکانی بە ئەوروپیترین خەڵک لە دەرەوەی ئەوروپا وەسف کرد.
مۆرینۆ ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە یاسای هاوبەشی داننان بە بڕوانامە پیشەییەکان فراوان بکرێت تاوەکو لە پاڵ ئەندازیارانی تەلارسازی، بڕوانامەی پزیشکان، ئەندازیاران و مامۆستایانی زانکۆش لە نێوان هەردوولادا پەسەند بکرێت، هاوکات باسی لە نزیکبوونەوەی کەنەدا کرد بۆ چوونە نێو پڕۆگرامی زەبەلاحی "ئاسۆی ئەوروپا "کە بودجەی توێژینەوە زانستییە پێشکەوتووەکان و داهێنانی پیشەسازی لە کیشوەرەکەدا دابین دەکات.




