انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

سوێد کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئێران دەردەکات و باڵیۆزەکەی بانگهێشت دەکات

سوێد کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئێران دەردەکات و باڵیۆزەکەی بانگهێشت دەکات

دیجیتاڵ 

حکومەتی سوێد رایگەیاند، کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە ستۆکهۆڵم دەرکردووە و باڵیۆزی ئەو وڵاتەشی بانگهێشت کردووە، ئەوەش دوای تۆمەتبارکردنی تاران بە چالاکیی مەترسیدار و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی جوو و ئیسرائیل لەنێو خاکی سوێددا.

رۆژی چوارشەممە، 16ی ئەیلوولی 2026، گۆنار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد رایگەیاند: "ئێمە دەزانین ئێران ماوەیەکی درێژە خەریکی چالاکییەکە کە ئاسایشی نێوخۆ و بەرژەوەندییەکانی سوێد دەخاتە مەترسییەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئێران و چەندین بەرژەوەندیی جیاوازی جوو و ئیسرائیلی لە وڵاتەکەماندا کردووەتە ئامانج."

وەزیری داد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەوڵانەی تاران "لە رێگەی بەکارهێنانی تۆڕ و گرووپە تاوانکارییەکانەوە کراون."

ماریا مالمەر ستینەرگارد، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، داوا لەو کارمەندەی باڵیۆزخانەی ئێران کراوە خاکی وڵاتەکەیان جێبهێڵێت بەهۆی "کردنی ژمارەیەک چالاکی کە پێچەوانەی رێککەوتننامەی ڤیەننای پەیوەست بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانن."

وەزیری دەرەوە وردەکاریی زیاتری لەبارەی سرووشتی چالاکییەکان ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە "لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییانمان و بەرژەوەندییەکانی دیکەی سوێد"گیراوەتەبەر.

پێشتر دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی سوید ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی ئەندامانی باندە تاوانکارییە نێوخۆییەکان بەکاردەهێنێت بۆ "کردەوەی تووندوتیژی"لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و لایەنەکانی دیکە لە وڵاتەکەدا، تۆمەتێک ئێران پێشتر رەتیکردووەتەوە.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە سوێد هیچیان لەبارەی دەرکردنی کارمەندێکی باڵیۆزخانەکەیان و بانگهێشتکردنی باڵیۆزەکەیان رانەگەیاندووە. 

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة