گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی رۆژانە رووبەڕووی کورتهێنانی 40 ملیۆن لیتر بەنزین دەبێتەوە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش پەنا بۆ هاوردەکردن دەبەن.
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە لێدوانێکدا، رایگەیاند، ئاستی بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزین لە وڵاتەکەدا بە نزیکەی 30 بۆ 40 ملیۆن لیتر لە قەبارەی بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاترە.
باسی لەوەش کرد، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە زۆرە، حکوومەت دەبێت پەنا بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوە ببات تاوەکوو پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین بکات.
سەبارەت بە ئەگەری گرانبوونی سووتەمەنی، فاتیمە موهاجیرانی، گوتی، "هەر کاتێک بڕیار بێت گۆڕانکاری لە نرخ و بڕی پشکی بەنزیندا بکەین، پێشوەختە خەڵک ئاگادار دەکەینەوە."
بەپێی ئامارەکان، رۆژانە زیاتر لە 110 ملیۆن لیتر بەنزین لە ئێران بەکاردەهێنرێت، ئەمەش رێژەیەکی زۆر بەرزە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەکەی. هەرزانیی نرخی بەنزین لەو وڵاتە بەهۆی پاڵپشتیی دارایی حکوومەتەوە، وای کردووە بەکارهێنان زیاد بکات و لە هەمان کاتدا دیاردەی قاچاخچێتیی سووتەمەنی بۆ وڵاتانی دراوسێ ببێتە کێشەیەکی گەورە بۆ ئابووریی ئێران.




