دیجیتاڵ
یاریگای فرانسۆ هەریری، بەشێوەیەکی سەردەمیانە نۆژەندەکرێتەوە و بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی کەنداو بەتەواوی ئامادەدەبێت.
کورسییەکانی یاریگای یانەی هەولێر، لەلایەن کۆمپانیایەک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای هێندرێکسی هۆڵەندی کە چیمەنی یاریگاکەی داناوە دروستدەکرێن و بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کراوە پێویستە بۆ 20-10 یاریگاکە بەتەواوی ئامادەبێت.
جگە لە شوێنی هاندەران، شوێنی ڤی ئای پیی یاریگای هەولێر گۆڕانکاریی تێدادەکرێت و بەشێوەیەکی سێ نهۆمی نۆژەندەکرێتەوە، لە دوای وەستانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشە دەستیانپێکردووە.
هەروەها شوێنێکی تایبەت بۆ رۆژنامەڤان و میدیاکاران ئامادەدەکرێت، کە لە ماوەی رابردوودا گلەیی و رەخنەی زۆر لەبارەی نەبوونی شوێنێکی گونجاوەوە بۆ راگەیاندنکاران هەبووە.
هەر بەپێی بەدواداچوونی سپۆرتس، تارتانی یاریگای فرانسۆ هەریری، کە ئێستا رەنگی رەشە گۆڕانکاریی تێدادەکرێت و دەبێتە رەنگی سوور، شوێنی دانیشتنی یاریزانانی یەدەگ لە یاریگاکە بەتەواوی گۆڕانکاریی تێدادەکرێت و ژوورەکانی جلگۆڕینیش بەهەمان شێوە گۆڕانکارییەکی زۆریان تێدادەکرێت و بەشێوەیەکی گشتی تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بە 250 هەزار دۆلار دەخەملێنرێت.
یانەی هەولێر لەم وەرزەدا جگە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەشداری لە جامی کەنداو، جامی سوپەری عێراق و جامی عێراقدا دەکات، لە ماوەی رابردوودا شێوازی ئامادەبوونی هاندەران و خراپیی شوێنی کەسایەتییەکان ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە، بۆیە بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە دراوە و کارەکانی دەستپێدەکەن.




