وەکو فۆتۆگرافەرێک، هەمیشە بەدوای گۆشە و چیرۆکی جیاوازدا دەگەڕێم. ئەم جارە کامێرا و لێنزەکەم پێچایەوە و رووم لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کرد، بە دیاریکراوی گەڕەکی هەواری شار لە شاری رانیە، بە مەبەستی دۆکیۆمێنتکردنی پڕۆژەیەکی نوێی پەروەردەیی. ئەویش باڵەخانەی (قوتابخانەی بنەڕەتیی روانگە) بوو کە لەلایەن دەزگای روانگەوە و لەسەر ئەرکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دروستکردنی درابوو.
کاتێک گەیشتمە شوێنەکە و لە چاوی کامێراکەمەوە سەیری گۆشەکانی باڵەخانەکەم کرد، ئەوەی یەکسەر سەرنجی راکێشام و بۆ چەند چرکەیەک منی وەستاند، ئەوە بوو کە ئەمە تەنیا قوتابخانەیەکی ئاسایی نەبوو. بیناکە هێندە مۆدێرن و گەورە دیزاین کرابوو کە لەنێو وێنەکانمدا تەواو لە کۆلێژێکی سەردەمیانە دەچوو.
لە رێڕەوەکانیدا بەدوای گۆشەی جیاوازدا دەگەڕام بۆ وێنەکانم. تابلۆکانی سەر دیوارەکان سەرنجیان راکێشام کە پڕ بوون لە وێنەی نیشتمانپەروەری، ئاڵای کوردستان و هێماکانی خوێندن و زانست، کە جوانییەکی تایبەتیان بە ژینگەی قوتابخانەکە بەخشیبوو و هەستێکی جیاوازیان بۆ قوتابیان دروست دەکرد.
قوتابخانەکە لەسەر رووبەری 7,000 (حەوت هەزار) مەتر دووجا دروست کراوە. لە نهۆمی زەمینی و یەکەمدا، فۆکەسی کامێراکەم خستە سەر 18 پۆلی خوێندنی هاوچەرخ. ئەوەی زۆر تایبەت بوو، لە هەموو پۆلێکدا پڕۆجێکتەر (Data Show) و پۆرتی HDMI بۆ نمایشکردنی وانەکان دانرابوو. هەروەها چاوم بە هۆڵێکی تایبەت بە کۆمپیوتەر و هۆڵێکی گشتیی گەورە کەوت کە سەکۆیەکی تایبەتی بۆ سێمینار و کۆبوونەوەکان هەبوو، رێک وەک ئەوەی لە زانکۆکاندا دەیبینین.
وردەکارییە ئەندازیارییەکانی دیکەش سەرنجڕاکێش بوون؛ سێ تاقیگەی پێشکەوتووی کیمیا، فیزیا و بایۆلۆجی، لەگەڵ کتێبخانەیەکی مۆدێرن کە وای دەکرد قوتابی حەز بکات تێیدا بخوێنێتەوە. تەنانەت بیر لە تەندروستی و ئارامیی قوتابیانیش کرابووەوە بە بوونی ژووری فریاگوزاریی پزیشکی و کافتریایەک لە نهۆمی زەمینیدا. لە رووی سەلامەتی و ئاسایشەوە، بیناکە زۆر بە باشی ئامادە کرابوو؛ جگە لە بوونی کامێرای چاودێری، سیستمێکی زۆر پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوەی تێدا جێگیر کرابوو کە هەستی دڵنیایی دەبەخشی. لە دەرەوەش، رووبەرێکی فراوانی سەوزایی بە 65 درەختەوە، لەگەڵ یاریگایەکی فوتساڵی مۆدێرن، هەبوون.
هەروەها بینیم قوتابخانەکە پشتی بە وزەی پاک (On-Grid) و گەرمکەرەوەی ئاوی خۆری بەستووە و سیستمی بەڕێوەبردنی ئاویشی تێدایە بۆ بەکارهێنانەوەی ئاوی باران. بۆ رووناکیش گڵۆپی مۆدێرنی LED بەکارهاتبوو کە رووناکییەکی گونجاو و پرۆفێشناڵی بەخشیبووە ناوەوەی بیناکە. لە رووی ئاسایشەوە، 34 کامێرای چاودێریی IP بە شێوەیەکی ورد بەسەر گۆشەکاندا دابەش کرابوون.
بەڵام ئەوەی فۆتۆستۆریەکەمی پڕ ماناتر کرد، دیدارم بوو لەگەڵ سایە رێباز، قوتابییەکی پۆلی 5ی بنەڕەتی. سایە، پێشتر لە قوتابخانەیەکی دیکە دەیخوێند و ئەو رۆژە یەکەم رۆژی بوو کە لە قوتابخانە نوێیەکەی روانگە خۆی تۆمار کردبوو. دەمێکی پڕ لە پێکەنین و روویەکی گەشی هەبوو. لە خۆشیی قوتابخانە تازەکەیدا، سەرەتا نەیدەتوانی قسە بکات و تەنیا بە چاوە بریقەدارەکانی سەیری دەوروبەری دەکرد، بەڵام کاتێک توانیم بیدوێنم، بە زەردەخەنەوە پێی گوتم: "ئێرە زۆر خۆشە، وام لێدەکات حەز بە خوێندن بکەم، هەروەها زۆر لە ماڵمانەوە نزیکە."
منیش لێم پرسی: "لە ئەمڕۆ بەدواوە تۆ قوتابیی ئەم قوتابخانەیەیت، دوای خوێندن چی دیکە لات گرنگە لێرە بیکەیت؟"سایە، بەوپەڕی متمانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە وەڵامی دایەوە: "پاک و خاوێن راگرتنی قوتابخانەکەم زۆر گرنگە."
قوتابخانە نوێیەکەی رانیە؟ من کۆلێژم بینی




