انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

پەرلەمانی عێراق رێگریکردن لە دروستکردنی خانوو لە دەشتی نەینەوا تاوتوێ دەکات

پەرلەمانی عێراق رێگریکردن لە دروستکردنی خانوو لە دەشتی نەینەوا تاوتوێ دەکات

دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی رێگریکردن لە هاووڵاتییان بۆ دروستکردنی خانوو لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا تاوتوێ دەکات؛ پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، هێزێکی حەشدی شەعبی رێگری لە خاوەن زەوییەکان دەکات.

بەپێی کارنامەی فەرمیی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، دانیشتنی ئاسایی بکرێت، کە تێیدا لە بڕگەی کۆتاییدا راپۆرتی "لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی لەبارەی هۆکارەکانی رێگریکردن لە خاوەن زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لە پارێزگای نەینەوا"دەخرێتەڕوو.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری نەینەوا، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "پێشتر زەویی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی فەرمی بەسەر هاووڵاتییاندا لە دەشتی نەینەوا دابەشکراوە، بەڵام ئێستا بەرپرسانی شەبەک و لیوای 30ـی حەشدی شەعبی کە باڵادەستن لە ناوچەکەدا، بە بیانووی گۆڕینی دیمۆگرافیا رێگە نادەن خەڵک لەسەر زەوییەکانی خۆیان خانوو دروست بکەن."

دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پێشتر سکاڵای پەرلەمانتارانی شەبەکی لەسەر ئەم پرسە رەتکردووەتەوە و بڕیاری داوە کە ئەو هاووڵاتییانەی خاوەن تاپۆن، مافی یاسایی خۆیانە خانوو لەسەر زەوییەکانیان دروستبکەن، بۆیە راپۆرتەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان هەنگاوێک دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو رێگرییانە.

جگە لە پرسی زەوییەکانی نەینەوا، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکرێت، لەوانە: (دەستەی خۆراک و دەرمان، جێگرەوەکانی سزا، و رێککەوتنی بەخشینی ڤیزەی دیپلۆماسی لەگەڵ عومان).

هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسندکردنی پەیماننامەی هاوبەشیی ستراتیژی لە نێوان عێراق و فەرەنسا دەکرێت، لەگەڵ تاوتوێکردنی راپۆرتێکی لیژنەی دەستپاکی لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتیدا.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة