دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەی راگەیاند کە حکومەتی وڵاتەکەی پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی کشانەوەی تەواوی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق تاوەکو 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئەوەش لە چوارچێوەی کۆتاییهاتنی فەرمی ئەرکی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنیدا رایگەیاند: "واشنتن لە چوارچێوەی ئەو خشتە کاتییە هەنگاو دەنێت کە بە هاوبەشی بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاریکراوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم قۆناخی راگوزەرە رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان؛ هاوکات نیشانەی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی گرنگ و نوێیە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردنی مێژوویی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 14ی تەممووزدا بە روونی دووپاتی کردەوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی پاڵپشتی لە دیدگەی بەرێزیان دەکات بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ سەرجەم عێراقییەکان بەبێ بوونی تیرۆر، رێگریکردن لە ئەنجامدانی هێرش لەنێو خاکی عێراق و لە خاکی عێراقەوە بۆ دەرەوە، لەپاڵ دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز و پڕ لە سوودی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە "واشنتن لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی تەواودا، پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی دەکات بۆ سەپاندنی سەروەریی خاکی عێراق، لە کاتێکدا وڵاتەکە لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا بەرەو ئاراستەیەکی نوێ هەنگاو دەنێت".
گوتەکانی ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدان رۆژی پێنجشەممە حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، "رێککەوتی 30ـی ئەیلوول وەک وەرچەرخانێکی سەروەریی گرنگ دەبێت بۆ عێراق، چونکە لەو رێککەوتە بەدواوە شێوازی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ واشنتن دەچێتە قۆناخێکی نوێ و بەرەو هاوکاریی ئابووریی درێژخایەن هەنگاو دەنێت".
ئامانجی سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانیان لە بواری ئابووری و گەشەپێدان، هەروەها لە بوارەکانی وەبەرهێنان، وزە و ژێرخان، هاوکات تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنیی و سیاسییە هاوبەشەکانی بەغدا و واشنتن پرسێکی دیکەی دیداری پێشووی زەیدی و ترەمپ بوو.




