دیجیتاڵ
فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، دەیان مەڕی هاوردەکراوی بۆ جۆرجیا گەڕاندووەتەوە، دوای ئەوەی لە پشکنینە تاقیگەییەکاندا دەرکەوتووە مەڕەکان تووشبووی نەخۆشیی (تەبەق) بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری دەڵێ: "ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو مەڕانەی لە جۆرجیاوە هاوردە کرابوون، تووشی نەخۆشیی گوازراوە و پەتای (تەبەق) ببوون، بەو هۆیەوە و لەبەر ئەوەی بارەکە لەگەڵ مەرج و رێنمایییە ڤێتێرنەرییەکانی هاوردەکردندا نەدەگونجا، بڕیاردرا تەواوی بارەکە بۆ وڵاتی سەرچاوە بگەڕێندرێتەوە."
حەمید عەبد غاتیئاماژەی بەوەش کرد، رەتکردنەوە و گەڕاندنەوەی مەڕەکان لەسەر بنەمای نووسراو و بەڵگەنامەی فەرمی بووە و بە چاودێریی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دەستەی گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی مونزرییە، کەرەنتینەی ڤێتێرنەری و پۆلیسی گومرگ جێبەجێ کراوە.
حەمید عەبد غاتی ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانی ڤێتێرنەری لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بەردەوامن لە رێکارە چاودێرییە تووندەکانیان تاوەکو رێگری لە هاتنەناوەوەی هەر ئاژەڵێکی نەخۆش بۆ نێو خاکی وڵات بگرن، "ئەمەش لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان، پاراستنی سامانی ئاژەڵی لە عێراق و سەقامگیریی ئابووریی نیشتمانی."




