انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

عێراق کاتی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی لە سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران راگەیاند

عێراق کاتی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی لە سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران راگەیاند

دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق خشتەی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی شەلامچە، مەندەلی و شەیب لەگەڵ ئێران راگەیاند، کە لە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەوە قۆناخ بە قۆناخ دەستپێدەکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای پێداچوونەوە بە دۆخی کارکردنی دەروازە سنوورییەکان و دەستنیشانکردنی پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان، بەجۆرێک کە هاوسەنگی لە نێوان چەسپاندنی ئاسایش و پاراستنی رەوتی بازرگانی و هاتووچۆی هاووڵاتییاندا رابگیرێت، خشتەی دەستپێکردنەوەی کارکردن لە دەروازەکان پەسندکرا.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دوای هاوئاهەنگی نێوان نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ نوێکردنەوەی سیستم و رێکارە ئەمنییەکان، کارکردن لە دەروازەکان لەم وادانە دەستپێدەکەنەوە:

- لە هەردوو دەروازەی (شەیب و شەلامچە) لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-9-2026 لە کاژێر 06:00ی بەیانییەوە هاتووچۆی دەستیپێکردووەتەوە. - رۆژی دووشەممە، 14-9-2026 لە کاژێر 06:00ی بەیانییەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە شەلامچە دەستپێدەکاتەوە. - رۆژی سێشەممە، 15-9-2026 لە کاژێر 06:00ی بەیانییەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەندەلی دەستپێدەکاتەوە. - رۆژی پێنجشەممە، 17-9-2026 لە کاژێر 06:00ی بەیانییەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی شەیب لە مەیسان دەستپێدەکاتەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هاتووچۆی پەڕینەوە و جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران بە تەواوی رانەوەستاوە، بەڵکو لە هەردوو دەروازەی (زرباتییە) لە پارێزگای واست و (مەنزەرییە) لە پارێزگای دیالە، بە شێوەیەکی 24 کاژێری و بێپچڕان بەردەوامە.

داخستنی بەشێک لە دەروازەکانی عێراق لەگەڵ ئێران دوای ئەوە هات کە رۆژی 11ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا  بەئامانجگرتنی بۆریی نەوتی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا)ی وڵاتەکەی راگەیاند  و ئاماژەی بەوە کرد کە بەئامانجگرتنەکە بە درۆن بووە لە خاکی عێراقەوە.

دوێنێ گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر داواکاریی ئێران، عەلی زەیدی رەزامەندی لەسەر لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەکە دەربڕیوە، بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هێرشەکان لە سنوورەکانی نێوانیان.

شەوی رابردووش شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە ناوچەی (تەیب) لە مەیسان دەستیان بەسەر سەکۆیەکی هەڵدانی درۆندا گرتووە، کە بۆ هێرشەکەی سەر سعودیە بەکارهێنرابوو.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة