انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: سەرجەم مامەڵەکان لەگەڵ هەولێر دەکرێنە ئەلیکترۆنی

ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: سەرجەم مامەڵەکان لەگەڵ هەولێر دەکرێنە ئەلیکترۆنی

دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لینکی تۆمارکردن بۆ وەرگرتنی زەوی کارا دەکرێت. دەشڵێت، 1000 قوتابخانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی چین تەواوکراون و 50 قوتابخانەش سیستمەکانیان کراوەتە سیستمی زیرەک.

رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە دەستپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامێتیی ژمارەیەک لە وەزیران و ئەمیندارێتیی گشتی پێکهێنراوە و 5 لیژنەی لاوەکیش هەن بۆ جیاکردنەوەی زەوییەکان لە بەغدا و پارێزگاکان.

حەیدەر مەجید ئاشکرای کرد، "تاوەکو ئێستا لە 5 بۆ 6 پارێزگا رێکارەکانی جیاکردنەوە و ئامادەکردنی پارچە زەوییەکان کۆتایی هاتووە، هەروەها لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بە فەرمی لینک و ماڵپەڕی تایبەت بە تۆمارکردنی داواکاریی هاووڵاتییان بۆ ئەم زەوییانە دەخرێتە کار."

سەبارەت بە مەرج و شێوازی دابەشکردنەکە، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتی گوتی، "مەرجی یەکەم ئەوەیە کە داواکار نابێت پێشتر هیچ خانوو، یەکەی نیشتەجێبوون یان پارچە زەوییەکی تاپۆکراوی بە ناوی خۆیەوە هەبووبێت. پڕۆژەکە چینی هەژاران، کەسوکاری شەهیدان و برینداران دەگرێتەوە، هەروەها بەپێی نوێترین رێنمایی سەرۆکوەزیران لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی خەڵکی شنگال، بڕیاردرا خەڵکی قەزای شنگالیش بخرێنە نێو ئەم دەستپێشخەرییەوە."

حەیدەر مەجید ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرەپێدەران و وەبەرهێنەرانیش بەشدار دەبن لە دروستکردنی ژێرخانی ئەم پڕۆژانەدا و ئاماژەی بەوە کرد: "بەپێی مەرجەکان، ئەو رووبەرەی دەدرێتە وەبەرهێنەر لە 20% تێپەڕ ناکات و 80%ـی زەوییەکان وەک موڵکی دەوڵەت دەمێننەوە و پڕۆژەکان وەک شارۆچکە و شاری نوێی نیشتەجێبوون دادەمەزرێن."

دەربارەی پڕۆژەی نیشتمانی بۆ دروستکردنی قوتابخانە نموونەییەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق و چین، حەیدەر مەجید گوتی، "لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، دابینکردنی کەلوپەل بۆ سەرجەم ئەو 1000 قوتابخانەیەی لە قۆناخی یەکەمدا دروستکرابوون کۆتایی هات و ئێستا لە سەرانسەری پارێزگاکاندا بە تەواوی چوونەتە خزمەتەوە."

گوتیشی، "ئەم قوتابخانانە کاریگەریی بەرچاویان هەبوو لە چارەسەرکردنی قەیرانی نەبوونی باڵەخانە، نەهێشتنی دوو دەوامی، سێ دەوامی و تەنانەت چوار دەوامی لە هەندێک ناوچە، هاوکات قوتابخانە گڵین و کەرەڤانییەکانیش بە تەواوی هەڵوەشێنرانەوە."

لەبارەی تایبەتمەندیی قوتابخانەکانیش، حەیدەر مەجید روونیکردەوە، "باڵەخانەکان بە سێ قەبارەی 12، 18 و 24 پۆلی بە چوار دیزاینی مۆدێرن دروستکراون، تاقیگەی پێشکەوتووی کیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی و زمانی ئینگلیزی، هۆڵی وەرزش و هونەر، هێڵی تەواوی ئینتەرنێت، کامێرای چاودێری و شوێنی نیشتەجێبوونی پاسەوانیان تێدایە. جگە لەوەش، لەسەر پێشنیازی ئەمیندارێتی، 50 قوتابخانە لەو 1000 قوتابخانەیە کراونەتە قوتابخانەی زیرەک و تابلێت و سیستمی وزەی خۆر دابینکراون."

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پڕۆسەی بەدیجیتاڵیکردن و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، حەیدەر مەجید رایگەیاند، "دۆسیەی گۆڕانی دیجیتاڵی لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، رێگریکردن لە بەرتیلوەرگرتن و کەمکردنەوەی رۆتین. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمیندارێتیی گشتی کاری کردووە لەسەر بەستنەوەی فەرمانگەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان."

هەروەها دەڵێت، "ئەم بەستنەوەیە فەرمانگەکانی دادوەری و باجیشی گرتووەتەوە. ئێستا لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەرجەم مامەڵە و داواکارییەکانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەنێردرێن بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەڵگەنامەکان، ئەمەش رۆتینێکی زۆری کەمکردووەتەوە و ئاسانکاریی گەورەی بۆ هاووڵاتییان کردووە تاوەکو پێویست نەکات بۆ مامەڵەیەک لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا هاتووچۆ بکەن، کارەکانیش بەردەوامن بۆ گشتگیرکردنی ئەم سیستمە بۆ سەرجەم فەرمانگەکان."

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة