دیجیتاڵ
کۆمپانیای تیکتۆک لەگەڵ داواکاری گشتیی ویلایەتی ئەلابامای ئەمریکا گەیشتە رێککەوتن بۆ پێدانی لانیکەم 100 ملیۆن دۆلار و جێبەجێکردنی چەندین رێکاری نوێ لەسەر بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکە لەلایەن مێرمنداڵانەوە، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دادگاییکردنێک کە بڕیار بوو لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێبکات.
ئەلاباما لە نیسانی 2025 داوای یاسایی دژی تیکتۆک و کۆمپانیای پەرەپێدەرى ئەپەکە (بایت دانس) تۆمارکرد، بەو تۆمەتەی ئەپەکە بەجۆرێک دیزاین کراوە منداڵان و مێرمناڵان ئالوودە دەکات، "هاوشێوەی ئامێرێکی پێشکەوتووی قومار."
لێکۆڵەرانی ویلایەتەکە بە ئەکاونتی ساختەی کەسانی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ و بە چالاککردنی دۆخی سەلامەتی چوونەتە نێو ئەپەکە. سەرەڕای بەڵێنەکانی تیکتۆک بۆ رێگریکردن لە نێوەڕۆکی نەشیاو، هەژمارەکان لە ماوەیەکی کەمدا ڤیدیۆی هاندانی خۆکوشتن، بریندارکردنی جەستە، تێکچوونی خواردن، کحول و بابەتی سێکسییان پێشاندراوە.
بڕیار بوو رۆژی دووشەممە بە دەستنیشانکردنی دەستەی سوێندخۆران دادگاییکردنەکە دەستپێبکات، بەڵام ئەم رێککەوتنە تیکتۆکی لە پیشاندانی بەڵگەنامە نێوخۆییەکانی کۆمپانیاکە و شایەتیدانی بەڕێوەبەرەکانی لە دادگایەکی کراوەدا پاراست.
لە کاردانەوەی رێککەوتنەکەدا، گوتەبێژی تیکتۆک رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان "هەمیشە لەپێشینەی کارەکانی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئەرێنی بووە بۆ بەکارهێنەران و بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی ئامرازەکانی سەلامەتی بۆ پاراستنی منداڵ و مێرمنداڵان."
بەپێی رێککەوتنەکە، تیکتۆک رازی بووە بە جێبەجێکردنی چەندین رێکار، لەوانە: دانانی سنووری زۆرترین بەکارهێنان بۆ دوو کاژێر لە رۆژێکدا بۆ مێرمنداڵان.
قەدەخەکردنی چوونەژوورەوەی منداڵان بۆ نێو ئەپەکە لە نێوان کاژێر 12:00ـی شەو تاوەکو 6:00ـی بەیانی.
بەهێزکردنی کۆنترۆڵی دایکوباوکان و کەرەستەکانی سەلامەتی.
ئەم بڕیارە بەشێکە لە شەپۆلێکی بەرفراوانی سکاڵا یاساییەکان لە ئەمریکا دژی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بەهۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیی دەروونیی منداڵان. لە کاتێکدا تیکتۆک لە رێگەی پارەدان و رێککەوتنەوە لە دادگا دووردەکەوێتەوە، کۆمپانیای "میتا"(خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام) لە دادگاکاندا رووبەڕووی سزای گەورە بووەتەوە، لەوانە سزای 375 ملیۆن دۆلاری لە نیومەکسیکۆ و رێککەوتنی گەورەی 18 ملیار دۆلاری لەگەڵ چەندین ویلایەتی ئەمریکا.




