بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئەنگوستیلە ئەڵماسەکەی بریجیت باردۆ لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشرا

ئەنگوستیلە ئەڵماسەکەی بریجیت باردۆ لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشرا

دیجیتاڵ کۆمەڵێک کەلوپەلی بریجیت باردۆ، خانمە ئەکتەر و مۆدێلی سینەمای فەرەنسا و جیهان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشرێن و پارەکەیان دەدرێتە رێکخراوە خێرخوازییەکەی. بریجیت باردۆ لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەتەی رابردوودا ئەکتەر و نمایشکاری جلوبەرگ بوو، پار لە کانوونی یەکەم و لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

خەڵکێکی زۆر چوونەتە هۆڵی (دروو)ی فرۆشتنەکە بۆ بینینی کەلوپەلەکانی ئەو ئەستێرەیە کە نزیکەی 300 پارچە دەبن.

هۆڵی (دروو) بە یەکێک لە بەنێوبانگترین و گەورەترین شوێنی زیادکردنی ئاشکرا لە پاریس دادەنرێ کە تێیدا کەلوپەلە هونەری، ئەنتیک، خشڵ و کەلوپەلە مێژووییەکان نمایش دەکرێن و بە زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشرێن.

ئەو کەلووپەلانەی بریجیت لە ماڵەکەی لە سان تروپێ و شووقەکەی لە پاریس کۆکراونەتەوە و بەشێک لە دیزاینی نێو ماڵەکەیشی دروست کراوەتەوە و لە هۆڵەکەدا نمایش کراوە.

سان تروپێ دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاست لە ناوچەی ریڤیێرا، پێشتر گوندێکی سادە بوو، بەڵام بەهۆی ناوبانگی فیلمێکی بریجیت لە ساڵی 1956دا بەناوی (خوا ژنی دروست کردووە)  بووە شوێنێکی زۆر بەناوبانگ، ئەستێرەکانی سینەما و دەوڵەمەندانی جیهان.

هەموو پارچەیەک لەم کەلوپەلانە، دیدارێک، پەیوەندییەک، ساتێکی بەختەوەری یان قۆناخێکی ژیانی ئەوی پێوە دیارە و چیرۆکی ئەو ئەفسانەیە دەگێڕنەوە، ئەمە قسەی فرانک گیۆ، بەرێوەبەری پێشووی کارەکانی ئەستێرەکەیە.

باردۆ وەک یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییە ژنەکانی کۆتایی سەتەی بیستەم سەیر دەکرێ. ئەو خانمە لە ساڵانی پەنجاکاندا بووە هێمایەکی دیاری ژنان لە سەردەمی نوێدا، پێش ئەوەی دواتر دەست بکات بە تێکۆشان بۆ مافی ئاژەڵان.

بەڵام لە قۆناخەکانی دواتری ژیانیدا رووبەڕووی رەخنە بووەوە بەهۆی بەکارهێنانی زمانێکی تووند بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان و چەندین جار بەهۆی هاندان بۆ رق و کینەی رەگەزییەوە سزای دارایی درا.

لە فرۆشتنە ئاشکراکەدا هەوادارانی ئەم ئەستێرەیە دەرفەتی ئەوەیان هەیە بە کەلوپەلە کەسییەکانی ئاشنابن کە رۆژانە باکاری هێناون، لە مۆبیلی نێو ماڵەکەیەوە تا کەرەستەکانی چێشتخانە و چەرخی ئاگرکردنەوە.

بەشێکی دیکە لە کولوپەلە تایبەتەکانی ئەم ئەستێرەیە، ئامێری نووسینی کلاسیک بوو کە بۆ نووسینی پەیام و کارەکانی بەکاریهێناون، لەگەڵ خشڵ و گیتارە کلاسیکەکانی.

پاسکیلەکەی و دوو جووت پێڵاوی بالێی چەرمیش لە زیادکردنە ئاشکراکەدا هەن. هەروەها کۆمەڵێک وێنە و پۆرتریتەکانی ئەو ئەستێرەیەش لەوێ هەن، کە هەندێکیان وروژێنەرن.

فڕانک گیۆ دەڵێت: "بریجیت دەیگوت حەز ناکات هەموو رۆژێک سەیری رووخساری خۆی بکات، بۆیە وێنەکانی بە دیوارەکانەوە نەبوون، بەڵام پاراستبوونی."

بە گوتەی سێسیل دوپویی کە سەرپەرشتی فرۆشتنەکە دەکات، نرخی سەرەتایی زۆربەی کەلوپەلەکان کەمترە لە 100 یۆرۆ، بەڵام پێشبینی دەکرێ لە کاتی زیادکردنی ئاشکرادا نرخەکەیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

سێسیل دوپویی دەشڵێت: "ئەم فرۆشتنە بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە هێشتا لەگەڵ یادگارییەکانی ئەو ئەستێرەیە دەژین و ئامانجەکەی ئەویان بە زیندوویی هێشتووەتەوە. خۆشەویستی بریجیت و خەمخۆری بۆ ئاژەڵان خاڵی هاوبەشە. بۆیە هۆڵەکە پڕ دەبێت لە هەموو ئەو هەوادارانە."

زۆرێک لەو کەلوپەلانەی بۆ فرۆشتن خراونەتەڕوو، ئەوین و خۆشەویستیی زۆری ئەستێرەکە بۆ ئاژەڵان دەردەخەن، لەنێویاندا کۆمەڵەیەکی گەورە لە بووکەڵەی لۆکە و پەتی بەستنەوەی سەگەکانی.

گیۆ دەڵێت: "بریجیت نەیدەتوانی بەبێ ئاژەڵ بژی. کاتێک یەکێکیان دەمرد، تووشی خەم و پەژارەی زۆر دەبوو. هەموویان بە پڕۆتۆکۆلێکی رێکوپێک لە باخچەکاندا دەشاردرانەوە و وێنەکانیشیان لە ماڵەکەیدا لە شوێنی دیار و تایبەتدا هەڵدەواسرا."

کاتێک لە کانوونی یەکەمی رابردوودا کۆچی دوایی کرد، میراتەکەی باردۆ لەنێوان دامەزراوەکەی خۆی و تاکە کوڕەکەی نیکۆلاس-ژاک شاریێ دابەش کرا، کە ئەویش سوودمەندە لەم زیارکردنە ئاشکرایە.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان