بەرپرسێکی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵڵا هەڕەشەی رووخاندنی حکوومەتی عەلی زەیدی و داخستنی دەروازەی ئەو وڵاتانەی کرد، بەشدارییان لە گەمارۆدانی ئێراندا کردووە.
دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، لە بەیاننامەیەکدا، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی باڵای ئەمنی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، هەڕەشەی گرتنەبەری هەڵوێستێکی توند دژی حکوومەت دەکات لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆی ئاسمانیی سەر ئێران دوای 1ـی تشرینی یەکەم. ئەو بەرپرسەی کەتائیبی حزبوڵڵا هەڕەشەی داخستنی دەروازەی ئەو وڵاتانەشی کرد، بەشدارییان لە گەمارۆکەدا هەیە.
عەساف رایگەیاند، گەلی عێراق لە 30ـی ئەیلولدا ئاهەنگ بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە عێراق دەگێڕێت. بە گوتەی ئەو، ئەمە سەرەتای بەدیهێنانی سەروەریی تەواو و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و ئابووریی وڵاتە.
ئەو بەرپرسەی کەتائیبی حزبوڵڵا حکوومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی بە پلانداڕشتنی سێ هاوپەیمان پێکهاتووە. عەساف گوتی: "گەل دەزانێت کێ لە پشتی بڕیارە حکوومییەکانەوە خۆی حەشارداوە". ئەو جەختیکردەوە، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەگوزەرێت بۆ بەرگری ئاشکرایە.
عەساف هەڕەشەی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و ئەو لایەنانە کرد کە پشتیوانی لێ دەکەن، بەوەی کار بۆ رووخاندنی حکوومەت دەکەن بە هەموو رێگەیەک، ئەگەر هەڵوێستیان لە بەرامبەر گەمارۆکان نەبێت.
سەبارەت بە دۆخی ئێران، عەساف گوتی بەردەوامیی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر ئێران دوای یەکی تشرینی یەکەم رووبەڕووی هەڵوێستێک دەبێتەوە کە رەنگە بگاتە داخستنی دەروازەی ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە گەمارۆدانی گەلی ئێران.
هەروەها عەساف روونیکردەوە، بەرگری ئیسلامی چاودێریی ئاسمانیی عێراق دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی لەلایەن فڕۆکەوانی ئەمریکاوە پێشێل نەکرێت. ئەو هەڕەشەی هۆشداریدانی لە پلەی یەکەم و خستنەخوارەوەی فڕۆکەکانی لە پلەی دووەم کرد و داوای لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرد مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانە نەکات، بە گوتەی ئەو دوای یەکی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە روودەدەن.




