بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

پەیامنێری: گەشتی ئاسمانی نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و ئێران دەستپێدەکاتەوە

پەیامنێری: گەشتی ئاسمانی نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و ئێران دەستپێدەکاتەوە
سیاسی
عێراق

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری لە بەغدا کەوتوون، بڕیار دراوە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران، بەو مەرجەی لە قۆناخی ئێستا گەشتەکان تەنیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە ئەنجام بدرێن.

دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری لە بەغدا لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە ڕایگەیاند، بە بڕیاری فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنیان دەستپێدەکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵات، بڕیاردراوە ئێستا گەشتە ئاسمانییەکان تەنیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێن و فڕۆکەخانەکانی دیکەی وڵات ناگرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، واشنتن لە تاوتوێکردنی بڕیارێکدایە بۆ بەخشینی لێخۆشبوون لە سزاکان بۆ ئەو گەشتە ئاسمانییانەی لەنێوان ئێران و نەجەف دەکرێن.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، رێگە بە بەکارهێنانی فڕۆکە و هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ گەشتکردن بەرەو ئێران و بەپێچەوانەشەوە دەدات.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئەو لێخۆشبوونەی ئەمریکا بە مەبەستی سەردانیکردنی مەزارگە ئایینییەکان دەبێت و تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ کاری پێدەکرێت.

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 8ـی ئەیلوول رایگەیاند، سزای بەسەر 36 لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران سەپاندووە، کە 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانی دەگرێتەوە.

لە بەرامبەردا، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بەپێی راسپاردەی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیاریدابوو لە کاتژمێر 2ـی بەرەبەیانیی هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026ـەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و چوون بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار رابگرێت.

 
دیلان بارزان ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان