بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

دیاربەکر.. پرۆسەی چارەسەری لە نێوان پێداگریی دەم پارتی و گومانی شەقامدا

دیاربەکر.. پرۆسەی چارەسەری لە نێوان پێداگریی دەم پارتی و گومانی شەقامدا
سیاسی
کوردستان دیاربەکر

هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، چاوەڕوانی و هەڵسەنگاندنی جیاواز لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکان و شەقامی کوردی دروست بووە؛ دەم پارتی جەخت دەکاتەوە لە قۆناغی دووەمدا باسی مافە رەواکانی کورد دەکرێت، هاوکات چاودێرانیش داوای گەرەنتیی یاسایی و دەستووری دەکەن.

دوای تێپەڕبوونی پرۆژەیاسای پەیوەندیدار بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، ئێستا چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەن لێژنەی پەیوەندیدار هەنگاوی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی بگرێتە بەر. لە بەرامبەردا، سەرکردەکانی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەنگاوەکانی ئێستا بۆ گواستنەوەی دۆخەکەیە لە شەڕ و ململانێی چەکدارییەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و یاسایی.

تۆنجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتارێکیدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند؛ تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا باسی مافە دیموکراسییەکانی گەلی کورد، دەستوور، مافی خوێندن بە زمانی دایک و پرسی دانانی قەیوومەکان نەکراوە، بەڵکو کار لەسەر زەمینەسازی دەکرێت. باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم، لە قۆناغی دووەمدا تەواوی مافە رەوا و بنەڕەتییەکانی کورد دەخرێنە بەرباس.

لە شەقامی باکووری کوردستان و شاری دیاربەکریش، هاووڵاتییان و چاودێرانی سیاسی چاوەڕوانییەکی گەورەیان بۆ چارەسەربوونی بنەڕەتیی پرسی کورد هەیە، بەڵام هاوکات جۆرێک لە گومان و بێمتمانەییش بەدی دەکرێت.

چاودێرانی سیاسی لە باکووری کوردستان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر پرۆسەکە تەنیا لە پرسی چەکداناندا قەتیس بکرێت و گەرەنتیی پێویست بە کورد نەدرێت، متمانەی تەواو لە نێو کۆمەڵگەدا دروست نابێت. ئەوان دووپاتی دەکەنەوە کە هەر پرۆسەیەکی چارەسەری، تا ئەو کاتەی دان بە زمان، ناسنامە و مافە سەرەکییەکانی گەلی کورددا نەنێت، ناتوانێت ببێتە مایەی چارەسەرییەکی بنەڕەتی و بەردەوام بۆ پرسی کورد لە تورکیا.

 
ماهر یوکسەل ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان