وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیویۆرک لەگەڵ نێوەندگیرانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیاز و مەرجەکانی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرامبەر ئازادکردنی سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی وڵاتەکەی و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026،، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شاندێکی یاوەری لەگەڵ لایەنە نێوەندگیرەکانی نێوان تاران و واشنتن کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکە بەبێ ئامادەبوونی راستەوخۆی نوێنەرانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و تێیدا دوایین پێشنیاز و پەیامەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، عەباس عێراقچی لە سەرەتای گەیشتنی بۆ نیویۆرک ئاشکرای کردبوو، وڵاتەکەی پێشنیازێکی 7 خاڵیی ئاراستەی لایەنی ئەمریکی کردووە؛ بەپێی پێشنیازەکە، تاران ئامادەیە گەرووی هورمز وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی بکاتەوە، لە بەرامبەردا دەبێت سەرجەم پارە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن.
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێرانی راگەیاندووە، بەڵام ئاژانسی ئیسنا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان و هەوڵی نێوەندگیرەکان بۆ گەڕاندنەوەی هەردوولا بۆ سەر مێزی دانوستان و چارەسەرکردنی پرسی گەمارۆی دەریایی بە چڕی بەردەوامە.
سەبارەت بە کاردانەوەی واشنتن، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، "یەکەم کاردانەوەمان لە سەرۆکی ئەمریکاوە بینی، بەڵام هێشتا بە فەرمی لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە هیچ وەڵامێکمان پێنەگەیشتووە.
عێراقچی هەروەها جەختی لەوە کردبووەوە:"چاوەڕێی گەیشتنی وەڵامی کۆتایین لە رێگەی واسیتەکانەوە و بەپێی ئەوەش بڕیار دەدەین. لە هەر حاڵەتێکدا، مەرجەکانی ئێمە روونن و هەر هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە و بە هیچ جۆرێک پاشەکشەیان لێ ناکەین."




