بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سێنتکۆم: ئێران هێزی دەریایی نەماوە و هەموویمان نقومکردووە

سێنتکۆم: ئێران هێزی دەریایی نەماوە و هەموویمان نقومکردووە
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) گەرووی هورمز جەنگی ئێران و ئەمریکا

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە رەتکردەوە و رایگەیاند، هەزاران کەشتی بەبێ هیچ رێگرییەک لە رێگەی ئەو گەرووەوە هاتوچۆ دەکەن.

دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس"روونیکردەوە، لێدوان و بانگەشەی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی ئەوەی تاران لە رێگەی هێزە دەریاییەکانیەوە بە تەواوی گەرووی هورمز کۆنترۆڵ کردووە، دوورە لە راستییەوە.

سێنتکۆم باسی لەوەش کردووە: "ئێران هێزی دەریایی نییە، چونکە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر نقومیان کردوون".

جەختیشی لەوەکردووەتەوە، بەڵگەی نەبوونی دەسەڵاتی ئێران بەسەر گەرووەکەدا، تێپەڕبوونی هەزاران کەشتییە بە شێوەیەکی ئازاد، ئەمە جگە لەوەی تەنیا لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوت لە رێڕەوی ئەو گەرووەوە گواستراوەتەوە.

ئەم راگەیەندراوەی سێنتکۆم دوای ئەوە هات، حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای "رێکاری ستراتیژی بۆ دابینکردن و گەرەنتییکردنی پێشکەوتنی بەردەوام لە گەرووی هورمز و کەنداو"کۆتایی هاتووە. 

قەشقاوی گوتی: "تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای رێکاری ستراتیژی بۆ دابینکردن و گەرەنتییکردنی پێشکەوتنی بەردەوام لە گەرووی هورمز و کەنداو لە خشتەی کاری ئەندامانی لیژنەکەدا بوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا و ماددی 16ـی پڕۆژەکە پەسند کرا".

قەشقاوی روونیکردەوە، ماددەی 16 کە پەسند کراوە، دیاری دەکات لەو کاتەوە یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سیستەمی حاکم لە ناوچەی گەرووی هورمز تەنیا پابەندی بڕگەکانی ئەم یاسایە دەبێت.

هاوکات روونیکردەوە، سەرجەم بڕگە و یاسا و رێساکانی پێشوو کە لەگەڵ ئەم یاسایەدا سەبارەت بە گەرووی هورمز دژبەر بن، هەڵدەوەشێنرێنەوە و یاساکە دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ سیستەمی حاکم لە سنووری گەرووەکەدا.

قەشقاوی ئاشکرایکرد، پەسند کردنی ئەم ماددەیە بە واتای ئەوە دێت، لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمان، بە شێوەیەکی کۆتایی لە تاوتوێکردنی پڕۆژەکە بووەتەوە.

پێشتر لیژنەکە لە نوێترین قۆناغەکانی تاوتوێکردنی پڕۆژەکەدا، سزای بەسەر ئەو کەشتییانەدا سەپاند کە پابەندی رێنماییە دیاریکراوەکان بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز نابن. سزاکان دەستبەسەرداگرتنی کاتیی کەشتییەکە و وەرگرتنی 20%ـی بار یان بەهای کەشتییەکە دەگرێتەوە.

پڕۆژەکە داوای دامەزراندنی دەستەی دادوەریی تایبەتمەند دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە، بە بەشداریی دادوەران و شارەزایانی بواری یاسای دەریاوانی و یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکان.

بەگوێرەی ئاژانسی مێهر، پڕۆژەیاساکانی پێشکەشکراو بۆ پەرلەمان، دوای ئەوەی لە لیژنە پەیوەندیدارەکان پەسند دەکرێن، دەخرێنە بەردەم دانیشتنی گشتی بۆ پەسندکردنیان لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە. بۆ ئەوەی رەوایەتیی یاسایی وەربگرن و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت رەزامەندیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش بەدەستبهێنن.

 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان