بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سووریا و تورکیا پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن

سووریا و تورکیا پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن
سیاسی
دەروازەی قامشلۆ-نوسەیبین
دەروازەی قامشلۆ-نوسەیبین
سووریا دەروازەی قامشلۆ-نوسەیبین

دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی سووریا دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی دەروازەی سنووریی قامشلۆ - نوسەیبین لەگەڵ تورکیا راگەیاند، ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی قیرتاوکردنی گۆڕەپانەکانی بارهەڵگرتن و رێگە خزمەتگوزاری و گەشتیارییەکان لەنێو دەروازەکەدا دێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، مازن عەلوش، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان و هاریکاریی نێودەوڵەتی لە دەستەکە، لەوبارەوە رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەکان و چاککردنەوە دەستیان بە کارەکانی هەڵکەندن و رێکخستنی زەوی و ئامادەکارییە هونەرییە پێویستەکان کردووە، تا بە زووترین کات قیرتاوکردنی گۆڕەپانەکانی بارهەڵگرەکان و رێگەکان دەست پێ بکات.

عەلوش روونیکردەوە، ئەم کارانە لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی دەروازەکەدان، قۆناخەکانی جێبەجێکردن بەپێی بەرنامە هونەری و جێبەجێکارییە پەسەندکراوەکان دەبێت بە ئامانجی ئامادەکردنی گۆڕەپانەکان و رێگەکان و بەرزکردنەوەی توانایان بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی کار بگونجێن و هاتوچۆ و خزمەتگوزارییەکان بۆ گەشتیاران و بارهەڵگرەکان خێراتر بکەن.

عەلوش جەختیکردەوە، دەستپێکردنی فەرمیی کارەکانی بونیاتنان و ئامادەکردنی ئەم دەروازەیە گرنگە، چونکە سووریا و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە حەوتەمین دەروازەی سنووریی نێوان هەردوو وڵات.

عەلوش گوتیشی، قۆناخی یەکەم نۆژەنکردنەوەی گۆڕەپانەکانی هاوردە و هەناردە و گۆڕەپانەکانی تایبەت بە ترانزێت، هەروەها بونیاتنانی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکە، هۆڵەکانی گەشتیاران، گومرگ و شوێنی نیشتەجێبوونی کارمەندان لەخۆ دەگرێت، کە رووبەری گشتیی دەروازەکە بە نزیکەی 558,000 مەتر دووجا دەخەمڵێنرێت.

ئەو بەرپرسەی سووریا روونیکردەوە، پڕۆژەکە گرنگیی زۆری هەیە بەهۆی رۆڵەکەی لە بووژانەوەی جموجۆڵی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانیکردنی ئابووری، هەروەها کردنەوەی ئاسۆی فراوانتر لەبەردەم جموجۆڵی ترانزێت و گواستنەوە بەنێو خاکی سووریادا، لەپاڵ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر دەروازە سنوورییەکانی دیکە و کورتکردنەوەی مەودا و کاتی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان